نزیکەی 235 هەزار کەس لە مەخموور دەژین و نەخۆشخانەیان نییە

رووداو - تەندروستی

بینای تاکە نەخۆشخانەی مەخموورە، بەڵام لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بووەتە سەربازگەیەی سوپای عێراق. قەزای مەخموور نزیکەی 235 هەزار کەسی تێدا دەژی، تەنیا بنکەیەکی تەندروستی هەیە و دانیشتووانی دەڵێن، بۆ بچووکترین کێشە ناچارین رێی دوور بگرینە بەر.
 
حاجی محەممەد مەخمووری، خانەنشین دەڵێت، بۆ هەر کێشەیەکی تەندروستیمان دەبێت بچینە هەولێر. هاوکات ئیسماعیل جەوهەر، فەرمانبەر دەڵێت، نەخۆشخانەیەکمان هەبوو، ئەویش کرا بە سەربازگە.
 
گەیلان سەدرەدین، کاسب دەڵێت: بۆ سەرئێشەیەک دەبێت بچینە هەولێر یان گەیارە و لە مەخموور هیچ ناکرێت.
 
لەم شارە بێ خزمەتگووزارییەدا دەیان پارتی کوردستانی و عێراقی بانگەشەی خزمەت و خۆشبژێویی مەخموورییەکان دەکەن.
 
دکتۆر دلێر سابیر، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا کە پزیشکیشە دەڵێت: 30 ساڵە پزیشک و 20 ساڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانە بوومە، ناوچەی مەخموور هیچ نەخۆشخانەیەکی تێدا نییە و تەنیا بنکەی تەندروستی هەیە. ئێستا خەڵکی مەخموور دەچنە هەولێر و موسڵ بۆ نەشتەرگەرییەکی سادە.
 
زیاتر لەساڵێکە  قایمقامی مەخموور بە نووسراوی فەرمی داوای لەپارێزگاری نەینەوا و فەرماندەیی سوپا لەوپارێزگایە کردووە، ئەو نەخۆشخانەیەیان بۆ چۆڵبکەن، بەڵام لایەنی عێراقی پێیان گوتوون، هەرکات شوێنێکی جێگرەوەمان دەستکەوت، چۆڵی دەکەین.