توێژینەوەیەک: چارەسەرى رەگى ددان مەترسیى نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریخستووە، چارەسەرکردنی رەگى ددان  مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.
 
کۆلێژی کینگز لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات هەوکردنی درێژخایەنی رەگی ددان رێگە بە بەکتریا دەدات بچێتە نێو خوێنەوە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر، چەوری و نیشانەکانی هەوکردن لە جەستەدا.
 
کۆلێژە بەریتانیەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ چاودێریی 65 نەخۆشیان کردووە بۆیان دەرکەوتووە کە چارەسەری رەگی ددان ئاستی شەکری خوێن دادەبەزێنێت، ئاستی چەوری و کۆلیسترۆڵ باشتر دەکات و نیشانەکانی هەوکردن لە جەستەدا کەم دەکاتەوە.
 
هەر بە گوێرەی کۆلێژەکە نزیکەی 3.7 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا کێشەی چارەسەرنەکراوی دەم و ددانیان هەیە، کە هەوکردنی رەگی ددان یەکێکە لە مەترسیدارترینەکان ئەگەر چارەسەر نەکرێت.