پسپۆڕێکی چاو: شەکرە هۆکارێکی دروستبوونی ئاوی سپیی چاوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو (پسپۆڕی ورد لە تۆڕەی چاو) رایدەگەیێنێت: زۆرجار نەخۆش بە لێڵبوونی بینایی یاخود ناڕێکیی بینین دێتە لامان و کە پشكنینی بۆ دەکەین، دەبینین شەکرەیەتی و پێی نەزانیوە.
د. زانا غەنی چەلەبی، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو (پسپۆڕی ورد لە تۆڕەی چاو) بە رووداوی راگەیاند، ئاوی سپیی چاو نەشتەرگەری بۆ نەکرێت دەشێت ببێتە هۆی ئاوی رەش و بەرزبوونەوەی پەستانی چاوەکان.
د. زانا چەلەبی دەڵێت: نەخۆشیی شەکرە لێکەوتەی لەسەر چاو زۆرە و پێویستە بە باشی کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە لوولەکانی خوێنی چاو زۆر لاواز دەکات و لێڵبوونی بینایی لێدروستدەبێت.
دەقی وەڵامەکانی د. زانا لەبارەی ئاوی سپیی چاو و نەخۆشیی شەکرە؛
رووداو: ئاوی سپیی چاو زیاتر لە چ تەمەنێکدا مرۆڤ تووشی دەبێت؟ ئایا گەنجان (خوار 50 ساڵ) تووشی دەبن؟
د. زانا چەلەبی: ئاوی سپیی چاو زۆر هۆکاری هەیە و یەکێکیان ئەوەیە کە لەدوای 50 ساڵی تووشی دەبی، تەنانەت لە منداڵ دوای لەدایکبوونیش هەندێک نەخۆشی هەن کە لەماوەی دووگیانیدا دایکەکە تووشی دەبێت و هۆکار دەبێت بۆ ئەوە. نەوجەوانانیش دەشێت تووشی ببن کە هۆکارەکەی نەخۆشییە بەتایبەتیش شەکرە.
رووداو: حاڵەت هەبووە کە بەهۆی شەکرەوە تووشی ئاوی سپی چاو بووبێت و پێی نەزانیبێت شەکرەیەتی، بەڵکو بۆ ئاوی سپیی چاو هاتبێتە لاتان؟
د. زانا چەلەبی: زۆرجار نەخۆش بە لێڵبوونی بینایی یاخود ناڕێکیی بینین دێتە لامان و کە پشكنینی بۆ دەکەین دەبینین، شەکرەیەتی و دەینێرینە لای پزیشکی پسپۆڕ تاوەکو شەکرەکەی کۆنتڕۆڵ بێت، چونکە بەهۆیەوە تووشی هەوکردنی چاو و تێکچوونی لوولەکانی نێو چاوی دەبێت.
رووداو: ئاوی سپیی چاو نەشتەرگەری بۆ نەکرێت، دەبێتە هۆی چی؟
د. زانا چەلەبی: ئاوی سپیی چاو پشتگوێبخرێت دەشێت ببێتە هۆی؛
- تەسکبوونەوە ژووری پێشەوەی چاو کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی چاوەکان و ئاوی رەش.
- هەوکردنی چاو بەهۆی نەخۆشیی خۆییەبەرگری.
- لێڵبوونی بینایی.
- قورسبوونی ئاوە سپییەکەی و بڵاوبوونەوەی بەنێو چاودا، کە پێویستی بە نەشتەرگەری زۆر گەورە دەبێت.
- دڕان و لێکترازانی تۆڕەی چاو.
رووداو: شەکرە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، چی لە تۆڕی چاو دەکات؟
د. زانا چەلەبی: نەخۆشیی شەکرە لێکەوتەی لەسەر چاو زۆرە و پێویستە بە باشی کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە لوولەکانی خوێنی چاو زۆر لاواز دەکات و لێڵبوونی بینایی لێدروستدەبێت، بۆیە باشترە تووشبووانی شەکرە هەمیشە پشکنینی چاو بکەن، بۆ ئەوەی هەر نەخۆشییەک هەبوو، زوو چارەسەر بکرێت لەلای پزیشکی پسپۆڕی چاو.