کۆمەڵەی مێشک و دەمار لە تورکیا: کەمخەوی نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە پێشدەخات

رووداو - تەندروستی

کۆمەڵەی پزیشکانی مێشک و دەمار لە تورکیا رایدەگەیێنێت، نەخۆشییەکانی خەو یاخود ناڕێکییەکانی خەوتن کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر مێشک دەبێت و دەشێت نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە پێشبخەن.
 
پڕۆفیسۆر د. ئیبراهیم ئۆزتوا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی مێشک و دەمار لە تورکیا دەڵێت: خەوتن گرنگترین بەشی ژیانە بۆ باشترکردن و پاراستنی تەندروستیی مێشک و ئاوەز.
 
پڕۆفیسۆر د. ئیبراهیم ئۆزتوا گوتی، خەوتن بۆ کەسانی پێگەیشتوو پێویستە لەنێوان 5 بۆ 7 کاژێردا بێت، گرنگترین رێکاریش بۆ باشترکردنی کواڵیتیی خەو؛ ئەنجامدانی چەند خوویەکە لە پێش خەوتن وەکو؛
 
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کوالێتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەمبکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیاربێت.