کچێکی تووشبووی شێرپەنجەی سییەکان: تکایە واز لە ڤەیپ بهێنن
رووداو - تەندروستی
کەیلی بۆدا کچێکی بەریتانی تەمەن 22 ساڵانە، دوای ئەوەی لە تەمەنی 21 ساڵیدا بە شێرپەنجەی سییەکان دەستنیشانکرا، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات خەڵکی لەبارەی مەترسییەکانی ڤەیپکێشان ئاگاداربن.
کەیلی، کە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دەستی بە ڤەیپکێشان کردووە، لە مانگی یەکی ساڵی 2025دا دەستی بە کۆکەیەکی قورس کرد، ئەو دەڵێت پزیشکەکان هەشت جار ئاگادارییان کردووتەوە و پێیان گوتووە کە هەوکردنی سنگی هەیە، تاوەکو ئەو کاتەی دەستی بە کۆکەی خوێناوی کردووە.
دوای ئەوە، پزیشکەکان حەوت جار نموونە (بایۆپسی)ان ورگرت، کەیلی بە شێرپەنجەی سییەکان دەستنیشانکرا و نەشتەرگەری بۆ لابردنی بەشی خوارەوەی سیی راستی بۆ کرا، هەروەها چارەسەری کیمیاییشی وەرگرت.
کەیلی دەڵێت: "دوای ماوەیەک لە بەکارهێنانی ڤەیپ، دەستم بە کۆکەیەک کرد کە بەڵغەمێکی قاوەیی لەگەڵ بوو، کاتێک ئەنجامەکانم وەرگرتەوە و پێیان گوتم شێرپەنجەی سییەکانە، هەستێکی زۆر نامۆ بوو پێش دەستنیشانکردنەکە، زۆر سادە بووم و وامدەزانی شتێکی وا هەرگیز بەسەر مندا نایەت."
ئەو باس لەوە دەکات کە نەشتەرگەرییەکە تووشی تەنگەژەی دەروونی دوای رووداوەکانی (PTSD) کردووە، دوای نەشتەرگەرییەکە چارەسەری کیمیایی دەستپێکرد، بەڵام کاردانەوەی جەستەی بەرامبەری زۆر خراپ بوو.
کەیلی گوتی: "من شێرپەنجەکەم بۆ ڤەیپکێشان دەگەڕێنمەوە، چونکە نیشانەکانم چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی ڤەیپی یەکجار بەکارهێنان دەرکەوتن و هیچ کەسێک لە خێزانەکەمدا شێرپەنجەی سییەکانی نییە، تکایە واز لە ڤەیپ بهێنن، چونکە رۆژێک دێت و تووشتان دەکات."