پسپۆڕێکی مێشک و دەمار: ناڕێکیی دەروونی هۆکارێکە بۆ لەرزینی دەست و قاچ

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە ئەمریکا هۆکارەکانی لەرزینی جەستە رووندەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، تێکچوونی باری دەروونی هۆکارێکی لەرزینی جەستەیە بەتایبەت لە دەست و قاچدا، هەروەها دەڵێت: لەرزین لەکاتی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونیدا ئاساییە و دەکرێت پێشگریی لێ بکرێت و کەمبکرێتەوە.
 
دکتۆر سوزان لیی، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی کالیفۆڕنیا لە لۆس ئەنجڵس دەڵێت: لەرزینی دەست و قاچ چەند هۆکارێکی هەیە و لەوانەش دڵەڕاوکێ، ترس و گوشاری دەروونییە. 
 
دکتۆر سوزان لیی روونیدەکاتەوە، لەکاتی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی هۆرمۆنەکانی وەکو ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵ بەرزدەبنەوە و نیشانەکانی وەکو 'خێرا لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و خێرا هەناسەدان' لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی ئەو بارودۆخەی بووەتەهۆی ناڕێکییە دەروونییەکە دروستدەبن. 
 
بە گوتەی پسپۆڕەکەی مێشك و دەمار، لەرزینی دەست و قاچ لەکاتی گوشاری دەروونی ئاساییە و پێویست بە ترس ناکات، چونکە وەڵامدانەوەیەکی فیسیۆلۆژی جەستەیە، هاوکات وەرزشی تێڕامان و راهێنانی ئاسوودەبوون وەکو 'یۆگا و هەناسەدانی قووڵ' بۆ ماوەی 10 تاوەکو 15 خولەکی رۆژانە بەڕێگەی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی دادەنێت. 
 
کۆمەڵەی پزیشکانی دەروونی لە سوێد رایدەگەیێنێت، 'خۆراکی تەندروست، خەوی پێویست، کەمکردنەوەی قاوە، چالاکیی جەستەی رۆژانە، ئاوخواردنەوەی پێویست و دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول' نیشانەکانی وەکو لەرزین و سووربوونەوەی دەموچاو لەکاتی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی کەمدەکەنەوە.