بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکی خوێن: لەبری کەڵەشاخ، خوێن ببەخشرێت سوودی زیاترە

رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر رایدەگەیێنێت، خوێنبەخشین پڕۆسەیەکی بێئازارە و یەکجار خوێنبەخشین ژیانی سێ کەسی پێ رزگار دەکرێت، تەنانەت جەستە و دەروونیش ئاسوودە دەکات. نهێنییەکی کەڵەشاخیش باس دەکات.
 
لە پۆدکاستی کلینیکاست د. سانع ئەبابەکر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر رایگەیاند، ئێمە خوێن لە 18 ساڵ تاوەکو 65 ساڵ وەردەگرین و دەبێت لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە تەندروست بێت، پاشانیش دەبێت کەسەکە وڵاتینامەی عێراقی هەبێت یاخود ئیقامەی هەبێت.
 
ئەوەشی گوت کە خوێنبەخشین لەنێو خانماندا کەمترە، هۆکارەکەشی بەپێی ئەزموون بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خانمان دەشێت بەهۆی سووڕی مانگانەیان و دووگیانبوونەوە نەتوانن خوێن ببەخشن، بەڵام ئەو جگە لەو دوو کاتە، هەموو کاتێک بە ئاسایی دادەنێت بۆ خوێنبەخشینی خانمان.
 
د. سانع ئەبابەکر روونی دەکاتەوە، نەخۆشانی تالاسیمیا، شێرپەنجە، پەککەوتووانی گورچیلە و نەشتەرگەریی چاندنی جگەر  بە بێبەرامبەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکە خوێنیان پێدەبەخشرێت واتە پێویست بە جێگرەوە یاخود لەجیاتی دانان ناکات.
 
لەبارەی خوێنی پێویستەوە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات کە ئەوانەی جۆری خوێنیان (-O)ـیە بچنە بانکەکانی خوێن و خوێن ببەخشن، چونکە ئەو جۆرە خوێنە کەمە و نەخۆشێکی زۆریش پێویستییەتی.
 
بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن رایدەگەیێنێت، پشکنینی پێشوەختەی ڤایرۆسەکان بەتایبەت بۆ 'نەخۆشیی ئەیدز' یارمەتیدەرە لە زوو دەستنیشانکردن، بەمەش ئاسانتر نەخۆشییەکان کۆنتڕۆڵدەکرێن و ئەگەری گواستنەوەیان کەم دەبێتەوە.
 
لە کۆتاییشدا باسی کەڵەشاخ دەکات و دەڵێ، لەکاتی خوێنبەخشین کەسەکە پشکنینی تەواوی جەستەی بۆ دەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ خەرجییەک بدات، پاشانیش ئەو مادە شلەی لە کەڵەشاخدا دەردەچێت تەنیا 'فیڵە' و هەر ئاوی نێوان خانە و شانەکانی جەستەیە کە وا دەردەکەون، نەک خوێنی پیس بێت.