بۆچی هەست دەکەین خوراندن بەسە؟ زانایان نهێنییەکەی ئاشکرا دەکەن

رووداو - تەندروستی

کاتێک شوێنێکی جەستەت دەخورێنیت شتێک بە مێشکت دەڵێت کەی بوەستیت، ئەو هەستکردنە بە ئاسوودەیی و وەستان لە خوراندنە، بە رێکەوت نییە، ئێستا زانایان میکانیزمێکی دەمارییان لەپشت ئەم "سیستمی راگرتنە" دۆزیوەتەوە.
 
تاقیگەی پڕۆفیسۆر د. رۆبێرتا گوالدانی لە بەلجیکا دەریدەخات کەناڵی TRPV4 وەک دەروازەیەک لەسەر خانە دەمارییە هەستەوەرییەکان کاردەکات و رێگە بە هاتنەژوورەوەی ئایۆنەکان دەدات لە وەڵامی وروژێنەرە فیزیایی یان کیمیاییەکاندا، ئەم کەناڵانە یارمەتیی سیستمی دەماری دەدەن بۆ هەستکردن بە گەرما، پەستان و سترێس.
 
تاقیگە بەلجیکییەکە ئاماژە بەوەدەکات بۆ تێگەیشتنێکی وردتر، تیمی توێژینەوەکە مۆدێلێکی بۆماوەیی مشکیان دروستکرد و بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو کەناڵی TRPV4ـیان تەنیا لە خانە دەمارییە هەستەوەرییەکاندا سڕییەوە، لە ئەنجامدا حاڵەتێکی خورشتی درێژخایەنیان لە مشکەکاندا دروستکردووە، بۆیان دەرکەوت ئەو مشکانەی کە کەناڵی TRPV4ـیان نەبوو، کەمتر خۆیان دەخوراندووە، بەڵام هەر جارێک کە خۆیان دەخوراند، ماوەکەی زۆر درێژتر بوو لە ئاسایی.
 
پڕۆفیسۆر د. رۆبێرتا گوالدانی دەڵێت: "ئێمە لە سەرەتادا لێکۆڵینەوەمان لەسەر TRPV4 لە چوارچێوەی ئازاردا دەکرد، بەڵام لەبری ئازار، ئەوەی زۆر بە روونی دەرکەوت، تێکچوونێک بوو لە خورشتدا، بەتایبەتی لە چۆنیەتیی رێکخستنی رەفتاری خوراندندا."
 
توێژینەوەکە دەریدەخات کە TRPV4 تەنیا خورشت دروست ناکات، بەڵکو لە خانە دەمارییەکاندا یارمەتیی دروستکردنی سیگناڵێکی "فیدباکی نەرێنی" دەدات، کە پەیامێکە بە بڕبڕەی پشت و مێشک دەڵێت خوراندنەکە بەسە، بەبێ ئەم سیگناڵە هەستی ئاسوودەبوون کەم دەبێتەوە و خوراندنەکە بە شێوەیەکی زیادەڕۆیانە بەردەوام دەبێت.