دامەزراوەیەک لە ئێران: 70٪ـی دانیشتووانی تاران کێشزۆر و قەڵەون
رووداو - تەندروستی
دامەزراوەی پێشگیری و چارەسەرکردنی قەڵەوی لە ئێران رایدەگەیێنێت، لە وڵاتەکە رێژەی قەڵەوی هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ساڵانە زیاد دەکات و ئاماژەش بە ئامارەکان دەکات.
د. محەممەد هاشمی، سکرتێری دامەزراوەی پێشگیری و چارەسەرکردنی قەڵەوی لە ئێران رایگەیاند، 70٪ـی دانیشتووانی تاران کێشزۆر و قەڵەون، بەجۆرێک 45٪ـیان کێشزۆر و 25٪ـیان قەڵەون.
د. محەممەد هاشمی باسی منداڵ و نەوجەوانان دەکات و دەڵێ، 20٪ـیان کێشزۆر و قەڵەون. هەروەها گوتی ''ئەو بەرزبوونەوەی رێژەی قەڵەوییەی لە وڵاتانی جیهاندا روویداوە لەماوەی 100 بۆ 150 ساڵ بووە، بەڵام بەهەمان رێژە لەماوەی چەند دەیەیەکدا لە ئێران روویداوە''.
دامەزراوەی پێشگیری و چارەسەرکردنی قەڵەوی لە ئێران قەڵەوی بە هۆکارێک دادەنێت بۆ
- شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
- لاوازبوونی دڵ
- شێرپەنجە
هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە هەر کەسێکی قەڵەو ساڵانە 45 بۆ 80 ملیۆن تمەن بەهۆی قەڵەوییەکەیەوە خەرج دەکات بۆ ئەوەی چارەسەری لێکەوتەکانی قەڵەوییەکەی بکات.