نەخۆشنامە؛ نەخۆشییەکی باو پیاوان تووشی لاوازیی سێکسی دەکات، بەڵام باسی ناکەن
رووداو - تەندروستی
نەخۆشنامەی ئەم هەفتەیە بە باسی پیاوێکی 50 ساڵان دەستپێدەکات کە شەکرەکەی کۆنتڕۆڵ نەبووە و نیشانەی شەکرەشی هەن، کاتێک لێیان پرسیوە، ''کە دەزانیت شەکرەتە، پارێزی دەکەیت؟'' ئەویش گوتویەتی، لە ماڵەوە ئامێرێکی پێوانەکردنی هەیە، ئەو کاتە پارێز دەکات و دەرمان دەخوات کە شەکرەکەی بەرز بێت، ئەگەریش بەرز نەبێت، دەرمان ناخوات.
د. مازیار جەبار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە میوانە و ئاماژە بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەدات کە 12٪ـی خەڵک وەکو تووشبووی شەکرە تۆمار کراون، بەپێی ئەو ئامارەش لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک تووشبووی نەخۆشییەکە هەن.
کەی پشکنینی شەکرە بکرێت؟ ئەو پسپۆڕە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: لە تەمەنی 25 ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە گرووپی مەترسیدار بێت بۆ تووشبوون بە شەکرە بچێت پشکنین بکات، گرووپە مەترسیدارەکانیش ئەمانەن؛
- دایک، باوک، خوشک و برایەکی تووشبووی نەخۆشییەکە بێت.
- کەسانی قەڵەو و کێشزۆر.
- تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن.
- تووشبووی بەرزەچەوریی خوێن.
- ئەو خانمانەی لە ماوەی دووگیانیدا تووشی شەکرە بوون و چاک بوونەتەوە.
لەبارەی پەیوەندیی لاوازیی سێکسی بە نەخۆشیی شەکرەوە گوتی، ''زۆرینەی نەخۆشە پیاوەکان تووشی لاوازیی سێکسی بوون و بەشێکی زۆریان بەهۆی ئەوەوە دێنە لای پزیشک، بەڵام بە شاراوەیی باس دەکەن''.
بەڵام ئەوەشی گوت کە لە خانمان لاوازبوونی توانای سێکسی بەهۆی نەخۆشیی شەکرەوە بەدیناکرێت.