پەیمانگەیەکی ئەمریکی: ئالۆڤێرا یارمەتیی کەمکردنەوەی نیشانەکانی ئەکزیما دەدات

رووداو - تەندروستی 

پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، رووەکی ئالۆڤێرا چەندین سوودی کاریگەر بە پێست دەبەخشێت و دەکرێت هۆکار بێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیاریی پێست و ئەکزیما. 
 
توێژینەوەیەکی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی دەریدەخات، جێڵی ئالۆڤێرا پێست شێدار دەکات و مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی پێست کەمدەکاتەوە. 
 
لە توێژینەوەکەدا ئەوانەی بەشێوەی جێڵ ئالۆڤێرایان بەکاردەهێنا، نیشانەکانی ئەکزیما وەکو 'وشکبوونی پێست و سووربوونەوە'ـیان کەمتر بووە، هەروەها ئەوانەی هەستیاریان بە رووەکەکە هەبوو 'خوران و سووتانەوە' لە شوێنی بەکارهێنانەکە دروستبوو. 
 
پسپۆڕێکی پزیشکیی خێزانیی لە پەیمانگەکە دەربارەی ئەکزیما دەڵێت: ''هەوکردنی پێستە بەهۆی بەرکەوتن و هەستیاری بە خۆراک یاخود تەنێکی دەرەکی، هەروەها بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکان دەشێت نیشانەکانی نەخۆشییەکە کەمبکاتەوە، بەڵام چارەسەری ناکات.''
 
دکتۆر ریچێڵ کۆران، پسپۆڕی پزیشکی خێزانی و نووسەری توێژینەوەکە گوتی، دەتواندرێت رۆژانە دوو جار ئالۆڤێرا بدرێت لەو پێستەی تووشی ئەکزیما بووە، هەروەها گوتیشی: ''باشترە ئالۆڤێرای سرووشتی بەکاربێت''. 
 
پسپۆڕەکە روونیدەکاتەوە، ئالۆڤێرا تایبەتمەندیی دژە هەوکردنی هەیە و دەوڵەمەندە بە مادەی دژەئۆکسێن، هەروەها رێنوێنیی هاووڵاتییان دەکات کە پێش بەکارهێنانی بۆ کۆرپە و منداڵ، پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت. 
 
بەگوێرەی دامەزراوەی ئەکزیمای نیشتمانیی بەریتانیا، 'بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە، خۆشۆردن بە ئاوی سارد یاخود شلەتێن، زۆر خواردنەوەی ئاو، لەبەرنەکردنی جلوبەرگی تەسک و کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی' رێگەی کاریگەرن بۆ کەمکردنەوە و پێشگیریکردن لە ئەکزیما.