164 وڵات ڤاکسینی HPVیان خستووەتە نێو بەرنامەی کوتانی نیشتمانی

رووداو - تەندروستی

زانکۆی جۆن هۆپکینز لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بەرنامەکانی کوتان بە ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) لە سەرانسەری جیهاندا لە فراوانبووندان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بنبڕکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان سەیر دەکرێت.
 
زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی 2022دا نزیکەی 660 هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی ملی منداڵدان و 350 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لە جیهاندا تۆمار کراون، تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2026 ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ڤاکسینی HPVیان خستووەتە نێو بەرنامەی کوتانی نیشتمانیی خۆیانەوە گەیشتووەتە 164 وڵات، ئەم ژمارەیە پێنج ساڵ لەمەوبەر تەنیا 117 وڵات بوو، چەندین وڵاتی گەورە و خاوەن دانیشتووانی زۆر، وەک نایجیریا، چین و ئەندەنوسیا، لەم دواییانەدا ڤاکسینەکەیان ناساندووە، ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ کچان دەڕەخسێنێت تاوەکو پارێزراو بن.
 
زانکۆی جۆن هۆپکینز ئاشکرای دەکات هەرچەندە رێژەی کوتانی جیهانی هێشتا زۆر لە خوار ئامانجی 90%ی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوەیە، بەڵام لە زیادبووندایە، بۆ نموونە رێژەی کوتانی ژەمی یەکەم لەنێو کچاندا تاوەکو تەمەنی 15 ساڵی، لە 16% لە ساڵی 2020 بۆ 21% لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە.