لە نیویۆرک جۆرێکی ئارد قەدەخە دەکرێت
رووداو - تەندروستی
جۆرە ئاردێک کە بۆ درووستکردنی پیزا و سەموون بەکاردەهێنرێت لەنیویۆرک قەدەخەدەکرێت.
ماددەیەکی شێرپەنجەیی لەنێو هەویری پیتزا و بەیگڵ کە وەک سەموونی بەرگر و سمیدە، دۆزراوەتەوە و بەو هۆیەوە یاسادانەرانی ویلایەتی نیویۆرک پڕۆژەیاسایەکیان بۆ قەدەخەکردنی پەسەند کرد. ئەم ماددە کیمیاییە کە ناوی "پۆتاسیۆم برۆمەیت"ـە، لە 80%ـی فرۆشگەکانی پیتزا و نانەواخانەکانی ئەو ویلایەتەدا بەکاریدەهێنن.
بەپێی یاسایەکە، نانەواخانە و فرۆشگەکان ساڵێکیان پێدەدرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەرفەتی ئەوەشیان دەبێت کە ئەو ئاردەی کڕیویانە بەکاربێنن تاوەکو تەواو دەبێت.
پرۆفیسۆر د. ئێریک میڵستۆن لە زانکۆی سەسێکس لە ئەمریکا، دەڵێت،"هیچ شتێکی باش لە پۆتاسیۆم برۆمەیتدا نییە، توێژینەوەکانی ساڵانی 1980 دەریانخستووە کە مادەکە دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجە لە ئاژەڵەکانی تاقیگەدا."
سکۆت وینەر گوتی لەوانەیە ئەم گۆڕانکارییە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی باشتربوونی کواڵیتیی پیتزا، چونکە وا دەکات هەویرەکان ماوەی زیاتریان بۆ ترشان هەبێت و ئەمەش پیتزایەکی سووکتر و ئاسانتری بۆ هەرسکردن لێدەکەوێتەوە.
یاساکە لەلایەن یاسادانەرانی ویلایەتەکەوە پەسەندکراوە و ئێستا چاوەڕێی واژۆی کاتی هۆکڵ پارێزگاری نیویۆرکە، ئەمەش ترسی لای هەندێک لە خاوەنی پیتزەری و نانەواخانەکان دروستکردووە کە گۆڕانکارییەکی بچووک لە رەچەتە کۆنەکانیاندا، کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرهەمە بەناوبانگەکانی شارەکە دەبێت.