پسپۆڕێک: ڤاکسینی HPV رێگرە لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، بەڵام لە عێراقدا نییە

رووداو - تەندروستی  

پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون رایدەگەیێنێت، ڤاکسینی HPV (ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی) بۆ خۆپاراستنە لەو ڤایرۆسەی کە هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان.
 
ئەمڕۆ شەممە 23-5-2026 د. شەنە پشتیوان پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە بوڵتەنی تەندروستی دەڵێت، "ئەو ڤایرۆسە لەڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێتەوە و دەچێتە جەستەی خانمەکەوە، نیشانەکانیشی بریتین لە دەرکەوتنی گۆشتی زیادە یان بالووکە لە ناوچەی کۆئەندامی زاوزێ، بینینی خوێن لەدوای جووتبوون، یان دەرچوونی دەردراوی نائاسایی."
 
د. شەنە پشتیوان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پیاوانیش ڤاکسینەکە وەربگرن، چونکە لە هەندێک جۆری شێرپەنجە دەیانپارێزێت، وەکو شێرپەنجەی گەروو یان کۆئەندامی زاوزێ، باشترین کات بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە تەمەنی 9 بۆ 14 ساڵییە، چونکە لەو تەمەنەدا بەرگرییەکی بەهێزتر دروست دەکات.
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق، د. شەنە پشتیوان ئاماژەی بەوەکرد، "ڤاکسینی HPV نەکراوەتە نێو بەرنامەی کوتانی نیشتمانی، لە دەرمانخانەکان هەیە بەڵام نازانرێت ئایا لە پلەی گەرمیی گونجاودا هەڵگیراوە یان نا."
 
لە کۆتاییدا، پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی خانمان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات ئەو ڤاکسینە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خۆیان لە تووشبوون بە شێرپەنجە بپارێزن.