ڤار لەنێو بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ کارتی سوور بۆ ئەو کچانەی رێکلام بۆ قاوە و گیراوەکانی خۆلاوازکردن دەکەن

رووداو - تەندروستی

بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس تایبەتە بە باسکردنی سەلامەتیی ئۆتۆمبێل لەڕووی ئەو کردارە هەڵانەی دەبنە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل کە ژیانی شۆفێر و سەرنشینان دەخەنە مەترسییەوە، بەڵام لە بەشەکەی دیکەی بەرنامە کارتی سوور بەڕووی کچە ئینفلوێنسەرەکاندا بەرز دەکرێتەوە کە رێکلام بۆ قاوە و چای خۆلاوازکردن دەکەن.
 
دانا کەریم، ئەندازیاری میکانیک دەڵێت: هۆکاری گڕگرتنی فویل پەمپ ''فیتپەمپ'' بۆ لاوازیی کواڵیتییەکەیان دەگەڕێتەوە و ئەوانەشی کە کواڵیتییان بەرزە نرخیان گرانە. تەنانەت ئەوەشی باس کرد کە کواڵیتیی کۆنتڕۆڵ لەسەر فویل پەمپەکان نییە.
 
هەر ئەو قسەیە وەستا کەمال دووپاتی کردەوە، کواڵیتیی بەنزین ئەوەندە نزمە کە زۆر بە خێرایی ئاگر دەگرێت و چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆیەوە سووتاون.
 
دانا کەریم باسی ئەو کەلوپەلانە دەکات ئەگەر لەنێو ئۆتۆمبێلدا دانران و بەجێهیڵدران، گڕدەگرن وەکو (بتڵی ئاو، بۆن، چەرخ، ڤەیپ، بۆنخۆشکەرەکان، چاویلکە و جگەرە).
 
دلێر جەبار، پسپۆڕی تەندروستی و سەلامەتی رایدەگەیێنێت، لەکاتی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل پێویستە ئاگرکوژێنەوەی تۆز 'پاودەر' بەکاربێت، بەڵام بۆ ئاگری گەورە دەبێت کیلۆی ئاگرکوژێنەوەکەش زیاد ببێت.
 
دلێر جەبار هەر لەنێو بەرنامەکە چۆنیەتیی بەرکارهێنانی ئاگرکوژێنەوەی نێو ئۆتۆمبێل روون دەکاتەوە؛ دکتۆر ئاراسیش دەڵێت: لەبەردەمی شوێنی پشکنینی ئۆتۆمبێل دووکان هەیە کە ئاگرکوژێنەوەکان دەفرۆشن یاخود بە کرێ دەیدەن بە شۆفێران تەنیا بۆ ئەوەی لە پشکنین دەربچن. ئەوەش بە 'فێڵ' دادەنێت.
 
کارتی سوور درایە کێ؟ ئایا چا و قاوەی کێشدابەزاندن بە راستی کێش دادەبەزێنن؟
 
کاژین یونس، خۆراکناس ئاشکرای دەکات، هەموو ئەو قاوە، چا و شەربەتانەی بۆ کێشدابەزاندن بەکاردەهێندرێن و بۆ ئەو مەبەستە رێکلامیان بۆ دەکرێت، مادەی قەدەخەکراویان تێدایە.
 
ئەو روونی دەکاتەوە، سیبۆترامین کە مادەیە نێو ئەو گیراوانەیە لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا لە ساڵی 2000ـەوە قەدەخەکراوە، چونکە وا لە مێشک دەکات هەمیشە هەست بە تێربوون بکات و جەستەش بخاتە باری دڵەڕاوکێ بۆ ئەوەی ئارەزووی خواردنی کەم ببێتەوە.
 
بەگوتەی کاژین یونس، ئەو مادە سرووشتییانەی لەنێو ئەو چا و قاوانەدا هەن، راستە سرووشتین بەڵام مەرج نییە تەندروست بن، چونکە زۆربەیان وادەکەن کەسەکە تووشی سکچوون ببێت و زوو زووش بچێتە توالێت.
 
لەکۆتاییشدا ئەوە باس دەکات کە ئەو گیراوانە تەنیا ئاوی نێو جەستە و خانەکان، لەگەڵ کانزا و ڤیتامینەکان لەدەستدەدات و کەسەکە تووشی وشکبوونەوەی جەستە دەبێت.
 
لەکۆتاییدا ئەو خۆراکناسە دەڵێت: هیچ ئاسایی نییە کەسێک لەماوەی مانگێکدا 10 کیلۆگرام لە کێشی داببەزێنێت، بەڵکو لە مانگێکدا ئاساییە دوو بۆ سێ کیلۆگرام کێش داببەزێت و ئەوە تەندروستە.