خۆپاراستنی سلێمانی: ڤاکسینی HPV لە سیاسەتی تەندروستیی عێراقدا نییە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ڤاکسینی HPV لە سیاسەتی تەندروستیی عێراقدا نییە و بەردەست نییە، لە کاتێکدا ژمارەی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە زیادی کردووە.
د. رزگار عەلی بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، "لە سیاسییەتی تەندروستی عێراق ڤاکسینی HPV نییە، بەڵام لە بەرنامەی ئەوروپا هەیە، ئێستا ئەو نەخۆشییە زیادی کردووە بەڵام عێراق نەیکردووەتە بەرنامە."
هەروەها د. رزگار عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، "رێژەیەکی زۆر کەمی ڤاکسینی HPVـمان لەبەردەستدایە و تەنیا بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان بەکاریدەهێنین."
بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، "لە دەرمانخانەکان ڤاکسینەکە مەکڕن، چونکە لە پلەی گەرمی گونجاودا نییە و نرخەکەشی بەرزە."