دوو هەزار خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئێران مەترسیی دواکەوتنییان لە خوێندن هەیە

رووداو - تەندروستی

زیاتر لە دوو هەزار خوێندکاری کورد کە لە ئێران دەخوێنن، بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان و نادیاریی کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن، رووبەڕووی مەترسیی دواکەوتنییان لە خوێندن بوونەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 23-6-2025 خەلیل رزگار، خوێندکاری بەشی پزیشکیی گشتی لە زانکۆی ورمێ دەڵێت، "سەڕەرای پێدانی پشوویەکی دوو هەفتەیی، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن دیاری نەکراوە، ئەم دابڕانەش لەوانەیە درێژە بکێشێت و بەمەش ئەگەر هەیە بۆماوەی شەش مانگ لە خوێندن دوابکەوین".
 
خەلیل رزگار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە گوتی، ''داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەوام بکەین و ئەو ماوەیەمان وەکو بەشێک لە خوێندنەکەمان بۆ هەژمار بکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا هێلین ئەحمەد، خوێندکاری پزیشکیی گشتی لە زانکۆی کرماشان گوتی، "ئێمە زیاتر لە دوو هەزار خوێندکاری کوردین لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنین، بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە زۆربەمان گەڕاوینەتەوە هەرێمی کوردستان و لە خوێندن دابڕاوین".