پسپۆڕان: مۆبایلی زیرەک لە منداڵانی خوار 13 ساڵان قەدەخە بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، پێویستە دایکان و باوکان منداڵانی خوار تەمەنی 13 ساڵی لە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدووربگرن. بەگوێرەی توێژینەوەکە، "بەکارهێنانی مۆبایل زیان بە تەندروستيی دەروونی منداڵان دەگەیێنێت."
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری "گەشەپێدانی مرۆیی و تواناکان"ـی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لەلایەن منداڵانی خوار 13 ساڵەوە بەستووەتەوە بە بیرۆکەی خۆکوشتن، لاوازی لە رێکخستنی هەستەکان، کەمیی بڕوابەخۆبوون و تووشبوون بە گۆشەگیری، بەتایبەتی لەنێو کچاندا.
توێژینەوەکە دەریخستووە، بەرامبەر هەر ساڵێک کە منداڵێکی خوار 13 ساڵی مۆبایلی زیرەکی تێدا بەکاربهێنێت، ئەگەری تێکچوونی تەندروستیی دەروونی و خۆشگوزەرانیی زیاتر و زیاتر دەبێت.
بە پشتبەستن بە رووپێوییەکی تۆڕی میدیایی سی ئێن ئێن، کە داتای کەسیی نزیکەی دوو ملیۆن کەسی لە 163 وڵاتدا وەرگرتووە. ئەو منداڵانەی خوار 13 ساڵین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە، تووشی تێکچوونی خەو، گێچەڵی ئەلیکترۆنی و تێکچوونی پەیوەندییە خێزانییەکان بوون.
ئەنجامەکان ئەوەندە شۆکهێنەر بوون توێژەران داوای سنووردارکردنێکی جیهانییان کرد، بۆ رێگریکردن لە منداڵانی خوار 13 ساڵ لە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
تارا تیاگاراجان، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە گوتی: "ئەمە پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی منداڵانی خوار 13 ساڵ بە مۆبایلی زیرەک."
گۆڤارە ئەمریکییەکە دوو خاڵی چارەسەریی خستووەتەڕوو:
یەکەم: چارەسەری کۆمەڵایەتی
تۆڕە ئەمریکییەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەمریکا ئاراستەیەک لەلایەن کۆمەڵە گرووپێکەوە هەیە، کە بانگەشە بۆ هەڵمەتێک بەناوی "چاوەڕوانیکردن تا پۆلی هەشتەم" دەکەن، ئەمەش لە رێگەی واژۆکردنی بەڵێننامەیەک کە تێیدا بەڵێن دەدەن، تا کۆتایی پۆلی هەشتەمی ناوەندی، رێگە بە منداڵەکانیان نەدەن مۆبایلی زیرەک بەکاربهێنن.
لەم بارەیەوە، تیاگاراجان گوتی: "دایکان و باوکان دەتوانن بەدوای ئەو قوتابخانانەدا بگەڕێن کە سیاسەتی توندتریان لەسەر مۆبایلی زیرەک لەناو کەمپەسدا هەیە، یان گوشار بکەن بۆ دانانی سیاسەتی باشتر لە قوتابخانەی منداڵەکانیاندا."
دووەم: قسە لەگەڵ منداڵەکەت بکە
مێلیسا گرینبێرگ، پسپۆڕی دەروونناسی کلینیکی لە سەنتەری چارەسەری دەروونی پرینستۆن لە ویلایەتی نیوجرسی رایگەیاندووە، ئەگەر پێش تەمەنی 13 ساڵی رێگەت بە منداڵەکەت داوە مۆبایلی زیرەک بەکاربهێنێت، ئەوا تووشی شڵەژان مەبە.
مێلیسا دەڵێت، "ئەگەر هەستت بە دەرکەوتنی هیچکام لە نیشانەکان نەکرد، ئەوا هێشتا کات و دەرفەتی ئەوەت ماوە قسە لەگەڵ منداڵەکەتدا بکەیت بۆ چارەسەر".
چاودێریی دایکان و باوکان
مێلیسا گرینبێرگ دەڵێت، "دایکان و باوکان دەتوانن بیر لە بژاردەکانی وەک بەکارهێنانی ئامرازەکانی چاودێریی بکەنەوە، یان ئەپ و پلاتفۆرمەکان بسڕنەوە."
ئاماژە بەوەش دەکات، "رەنگە منداڵەکانت ئەم گۆڕانکارییە قبووڵ نەکەن، بەڵام مەهێڵە ئەوە رێگر بێت لە بەردەم ئەوەی کارێک بکەیت ئەگەر پێت وایە سوودی بۆیان دەبێت."