وردەکاریی نەخۆشییەکەی بارینی 8 ساڵان ''کچی شووشەیی'' باس دەکرێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و جومگە لەبارەی نەخۆشییەکەی بارینی 8 ساڵان کە رووداو بەڵگەفیلمێکی لەبارەوە کرد، دەڵێت: نەخۆشییەکە دەگمەنە و تێکچوونێکی بۆماوەییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-7-2025 د. ئارام عبدوڵڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و جومگە لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەوە نەخۆشییەکەی بۆماوەییە و کەسەکە ئێسکەکانی نەرم دەبن، بەمەش زوو تووشی شکان دەبن، بەهۆی ئەوەی رێژەی کۆلاجینی هەر لەگەڵ لەدایکبوونییەوە کەمە.
د. ئارام عبدوڵڵا لەبارەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە گوتی، لەڕێگەی ئەو شلەیەیە کە لە دەوری کۆرپەلە دروست دەبێت دەکرێت لەنێو سکی دایکەکە، دەستنیشان بکرێت یاخود لەدوای لەدایکبوون دەکرێت بە نیشانەکان و پشکنینی تیشک دەستنیشان بکرێت.
نییشانەکانی نەخۆشییەکەی بارینی 8 ساڵان بەناوی 'ئێسکی شووشەیی'
- ئێسکی لاوازە
- رەنگی سپێنەی چاوی دەگۆڕێت
- بڕبڕەی پشتی دەچەمێتەوە
- جومگەی لاوازە
- ماسوولکەکانی لاوازە
- شلیی پێست
- ددانەکانی رەنگیان گۆڕاوە و نەرمن
لێکەوتە مەترسیدارەکانی
- لەدەستدانی بیستن
- کێشەی هەناسەدان
- مردن
بارین تووشبووی نەخۆشییەکی دەگمەنە بە ناوی "Osteogenesis Imperfecta" یان "ئێسکی شووشەیی"، نەخۆشییەک کە وایکردووە ئێسکەکانی هێندە ناسک بن، وەک ئەوەی لە شووشە دروستکرابن و بە بچووکترین بەرکەوتن وردوخاش ببن. {کلیک بکە بۆ بینینی بەڵگە فیلمەکە}.