چ خۆراک و خواردنەوەیەک جەستە فێنک دەکاتەوە؟

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی هەناو هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە لە کەشی گەرمدا ئاوی زۆر سارد نەخۆنەوە، چونکە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی سوورێنچک. هاوکات دەڵێت: قاوە و چا جەستە گەرمتر دەکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 23-7-2025 د. هێرش قادر دەربەندی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەناو لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال رایگەیاند، خۆراکە ئاودارەکانی وەکو شووتی، کاڵەک و خەیار زیاتر بخورێن و خۆراکە سوێر و چەورەکانیش کەم بکرێنەوە.
 
د. هێرش دەربەندی دەڵێت: چا، قاوە و بەرهەمە کافایینییەکان رێژەی میزکردن زیاد دەکەن، بۆیە باشترە نەخورێنەوە.
 
بەپێی WHO لە عێراق، لەکاتی بەرزبوونەوەی شەپۆلی گەرما ئەمانە جێبەجێ بکرێن؛
 
- نەچوونە بەرخۆر لە کاژێر 11ـی بەیانی تاوەکو 3ـی دوای نیوەڕۆ
- بەکارهێنانی دژەخۆر
- خواردنی سەوزە و میوەکان
- خواردنەوەی ئاو و شەربەتە سرووشتییەکان
- پێست بە شێداری بهێڵەرەوە
- لەکاتی چوونە دەرەوە، لەژێر سێبەردا رێ بکە
- لەکاتی چوونە دەرەوە 'کڵاو، چاویلکە و چەتر' بەکاربهێنە
- وەرزشەکانت بخەرە بەیانیان یاخود شەوان
- لەبەرکردنی پۆشاکی رەنگکاڵ و لۆکەیی