زانکۆی واشنتن: خواردنەوە گازییەکان سووڕی مانگانە پێش دەخەن

رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەک دەریدەخات، ئەو کچانەی بە رێژەیەکی زۆر خواردنەوە گازی و شەربەتە شیرینکراوەکان دەخۆنەوە، ئەگەری هەیە زووتر لە هاوتەمەنەکانیان تووشی یەکەم سووڕی مانگانە ببن، کە ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی لە داهاتوودا زیاد دەکات.
 
توێژینەوەکە لە زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا کراوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک چاودێریی نزیکەی 10 هەزار کچی کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 9 بۆ 14 ساڵان بووە. دەرکەوتووە ئەو کچانەی کە رۆژانە زیاتر لە یەک جار و نیو خواردنەوەی شیرینکراویان خواردووەتەوە، بە تێکڕا 2.7 مانگ زووتر یەکەم سووڕی مانگانەیان ئەزموون کردووە.
 
د. هۆلی هاریس سەرپەشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت "هۆکاری ئەم پەیوەندییە بۆ کاریگەریی شەکر لەسەر جەستە دەگەڕێننەوە''.
 
ئەوەش باس دەکات، خواردنەوەکانی وەک خواردنەوە گازییەکان و شەربەتە دەستکردەکان، کە بڕێکی زۆر شەکری زیادکراویان تێدایە، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی ئەنسۆلین لە خوێندا. بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلینیش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەندێک هۆڕمۆنی سێکسی، و ئەمەش پڕۆسەی باڵخبوون خێراتر دەکات.