سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری لەبارەی ئازارشکێنێک دەدات؛ ''لە ماوەی دووگیانیدا بەکارنەیەت''

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ چەند وەزیرێک لەبارەی پرسێک کە پەیوەندیی بە داهاتووی نەوەکانی وڵاتەکەوە ئاشكرای  کرد، بەکارهێنانی دەرمانێکی ئازارشکێن، وەچەی ئۆتیزم دەخاتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ''ئەسیتامینۆفین. کە لە بنەڕەتدا بەشێوەیەکی باو بە تایلینۆڵ ناسراوە، لەکاتی دووگیانیدا دەکرێت پەیوەندی بە مەترسییەکی زۆر زیادبووی ئۆتیزمەوە هەبێت. کەواتە وەرگرتنی تایلینۆڵ باش نییە، باشە؟ من دەڵێم، باش نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی بە تووندی رێنمایی دەدەن کە ژنان لە ماوەی دووگیانیدا بەکارهێنانی تایلینۆڵ سنووردار بکەن، مەگەر لەڕووی پزیشکییەوە پێویست بێت''.
 
بەگوێرەی دواین راپۆرتی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا، ئازارکشێنی تایلینۆڵ کە مادەی ئەسیتامینۆفینی تێدایە، بەپێی چەند توێژینەوەیەک دەشێت ئەگەری وەچەخستنەوەی ئۆتیزم زیاد بکات، بۆیە باشترە بۆ تا و ئازاری کەم بەکارنەیەت. لەکاتێکدا ئەسیتامینۆفین سەلامەتترین مادەیە کە لە ماوەی دووگیانیدا بەکاربێت.
 
سەرۆکی کۆلێژی ئەمریکیی پسپۆڕانی خانمان و منداڵبوون دژی قسەکەی ترەمپە و هاتە دەنگ و دەڵێت: بۆ ئەو نەخۆشانەی ئێستا دووگیانن، کە لەوانەیە لە سەرەتای دووگیانییاندا هەندێک ئەسیتامینۆفینیان وەرگرتبێت چونکە تایان هەبووە یان هۆکارێکی تریان هەبووە، ئێوە پێویستتان بە وەرگرتنی ئەو دەرمانە بووە.
 
د. ستیڤن فلایشمان، سەرۆکی کۆلێژی ئەمریکیی پسپۆڕانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: "وەرنەگرتنی، واتە چارەسەرنەکردنی تا، لەوانەیە کاریگەریی لاوەکیی خراپتری هەبێت کە پێویستە نیگەرانی بن، وەک لە وەرگرتنی دەرمانەکە."
 
کۆمپانیای بەرهەمهێنەری دەرمانەکە رایدەگەیێنێت، هیچ پەیوەندییەک لەنێوان دەرمانەکە و ئۆتیزمدا نییە، بەڵام ترەمپ بە قسەکەی وایکرد، بازاڕی کۆمپانیاکە 2.6 ملیار دۆلار کەم بکاتەوە.