لە بەریتانیا هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان، ''پشکنینی پێشوەختەی دڵ بکەن''

رووداو - تەندروستی

لیۆنی پەرستار، پشکنینی دڵ بۆ ئەم پیاوە دەکات کە زمانەکانی دڵی نەخۆشن، نەخۆشیی زمانەی دڵ واتا یەکێک لە زمانەکانی دڵ بە باشی کار ناکەن. حکومەتی بەریتانیا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە پشکنینی پێشوەختەی دڵ بکەن.
 
لیۆنی برایان، کچی خانمێک کە بەهۆی نەخۆشیی زمانەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە دەڵێت: ''ئەوە تاوانە چونکە ئەوانەی لێیان تێدەگەیشتین، گوێیان لێنەگیرا و لەگەڵ زۆرێک لەو ئاماژە دیارانە لەدەستماندا، کە دەکرا دەستنیشانکردنی دروستمان هەبێت''.
 
هەناسەتەنگی، سینگئێشە، لاوازی و بێهێزی نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکەن و پسپۆڕێک پشتگوێخستنی خەڵک بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت بۆ درەنگ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
 
د. جۆناسان بایرن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە نەخۆشخانەی زانکۆی شاهانەی بەریتانی دەڵێت: ''زۆرجار نەخۆشەکان خۆیان درەنگ دەخەنە بەردەم پزیشکەکان و دەچنە بنکەکانی چاودێری بەتایبەت خەڵکانی ناوچە هەژارنشینەکان. ئێمە بە ناهۆشیاریی تەندروستی دەبینین، خەڵک بێئاگان لەوەی کە ئەم نیشانانە گرنگن، بەڵام گاڵتەیان پێدەکەن یان بەهۆی سەرقاڵی و کارکردنەوە ناتوانن پشوو وەربگرن بۆ ئەوەی خۆیان بپشکنن''.
 
ئێستا ملیۆن و نیوێک تووشبووی نەخۆشییەکانی زمانەی دڵ لە بەریتانیا هەن، پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن کە بە پشكنینی پێشوەختەی دڵ، مەترسیی نەخۆشییەکە کەم دەبێتەوە، چونکە پزیشکان زۆرجار بە نیشانە دەرکەوتووەکانی نەخۆشییەکە وادەزانن، نیشانەکانی پیرین.