لە کۆیە گرێیەکی گەورە لە منداڵدانی خانمێکی گەنجدا دەرهێنرا

رووداو - تەندروستی

تەندروستیی کۆیە بڵاوی کردووەتەوە، لە نەخۆشخانەی شەهید د. خالید گرێیەکی گەورەی 25 سانتیمەتری لە منداڵدانی خانمێکی گەنجدا دەرهێنراوە بەبێ ئەوەی زیان بە منداڵدانی بگات و لاببرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-10-2025 د. شەهلا رەئوف، سەرپەرشتیارێکی نەشتەرگەرییەکە و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهید د. خالید بە رووداوی راگەیاند، خانمەکە 41 ساڵ بوو و گرێی ریشاڵیی منداڵدانی هەبووە، کە گرێیەکی باوە و زۆرجار هیچ نیشانەیەکی نییە، بەڵام هەندێکجاریش ئازاری خوارەوەی سک و قورسایی سک نیشانەن.
 
لەبارەی هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو گرێیەوە د. شەهلا رەئوف گوتی، ''نەزانراوە، بەڵام دەشێت قەڵەوی، خۆراکی ناتەندروست و بۆماوەیی رێخۆشکەر بن بۆ دروستبوونی''.
 
ئەو پسپۆڕە ئاشكرای کرد، لەبەر ئەوەی ئەو خانمە سێ جار نەشتەرگەریی منداڵبوونی بۆ کرابوو، نەشتەرگەریی دەرهێنانی گرێیەکە زۆر ئاڵۆز بووە.
 
لە کۆتاییشدا پێشنیاز دەکات، خانمان شەش مانگ جارێک سۆنەر بکەن.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، کیس و گرێی منداڵدان و هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری  لێی ئاشکرادەکات وەکو؛
 
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو