هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' کۆتاییهات؛ سەتان خانم پشکنینی شێرپەنجەی مەمکیان بێبەرامبەر بۆ کرا
رووداو - تەندروستی
هەڵمەتی "لونای پەمەیی" بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لەبارەی شێرپەنجەی مەمک و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە، کە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداوەوە لە مانگی ئۆکتۆبەردا راگەیێندرابوو، ئەمڕۆ کۆتاییهات. لە ماوەی هەڵمەتەکەدا هەزاران خانم ناوی خۆیان بۆ پشکنینی بێبەرامبەر تۆمارکرد و سەدان خانمیش پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا.
هەڵمەتەکە کە 14 رۆژی خایاند، بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین نەخۆشخانەی حکومی و تایبەت لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو. لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتەکە، خانمان لە رێگەی ماڵپەڕی (www.luna.rudaw.net) ناوی خۆیان تۆمار دەکرد و بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا زیاتر لە 3000 خانم فۆڕمی پشکنینیان پڕکردەوە.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، رایگەیاند، "هەڵمەتی لونای پەمەیی وەڵامدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو، دەستخۆشیتان لێدەکەم و خەڵکێکی زۆر بەدەم داواکارییەکانەوە هاتن."
د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، "پاڵپشتیی هەڵمەتەکە دەکەین، ئەو هەڵمەتە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی خانمان بۆ پشکنینی پێشوەختە، تاوەکو نەخۆشییەکە لە قۆناخی سەرەتادا دیاری بکرێت."
سەنتەر و نەخۆشخانە بەشداربووەکانی هەڵمەتەکە رۆژانە پێشوازییان لە سەدان خانم دەکرد. عەلی زوهدی، جێگری بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک لە سلێمانی، گوتی، "بەبۆنەی هەڵمەتەکەوە ژمارەی سەردانیکاران زیادی کردووە بۆ 130 بۆ 150 کەس."