بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر: لەنێو شاری هەولێر بەدەگمەن ڤەیپ دەبینرێت

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایدەگەیێنێت، بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ لە شارەکە وەک خۆی جێبەجێ کراوە و لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی 50 هەزار ڤەیپیان لەنێوبردووە و 20 شوێنیشیان داخستووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە رووداوی رایگەیاند، "لە هەولێر بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ وەکو خۆی جێبەجێ کراوە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 هەزار ڤەیپمان لەنێوبردووە و 20 شوێنیشمان داخستووە و سزای داراییمان داون."
 
بە گوتەی هۆگر عەلی، لە نزیک قوتابخانەیەک دووکانێک هەبووە ڤەیپی فرۆشتووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستیان بەسەر ڤەیپەکاندا گرتووە و دووکانەکەیان داخستووە. گوتیشی، "بەردەوامین لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ و ئێستا لەنێو شاری هەولێر بەدەگمەن ڤەیپ دەبینرێت."
 
سەبارەت بە فرۆشتنی ئۆنڵاین، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "تاڕادەیەک توانیومانە کۆنترۆڵی ئەو کەسانە بکەین کە بە دلیڤەری ڤەیپ بۆ هاونیشتمانییان دەبەن، بەڵام 100% نەمانتوانیوە، بۆیە پێویستمان بە هاوکاریی هاونیشتمانییانە."
 
هۆگر عەلی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، "لە هەر شوێنێک ڤەیپیان بینی یان زانیارییان لەسەر فرۆشتنی ئۆنڵاین هەبوو، ئاگادارمان بکەنەوە."