شەڕی دەستەویەخەی پزیشکێک و نەخۆشەکەی لە هیندستان دەنگدانەوە دروستدەکات
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی هیندی لە نەخۆشخانەی کۆلێژی ئیندیرا غاندی لە هیندستان هێرش دەکاتە سەر نەخۆشێکی و ڤیدیۆکەی دەنگدانەوەیەکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
نەخۆشەکە ناوی ئارجوون پانوارە، بەپێی گوتەی شایەتحاڵەکان کە بە میدیاکانی هیندستانیان گوتووە، ئەو بۆ هەناوبینی چووەتە نەخۆشخانەکە، بەڵام لەناکاو هەناسەی تەنگ دەبێت و دەبرێتە ژووری تایبەت بە چاودێریی ورد. ئەویش کە بێزار دەبێت لە حاڵی، بە بێڕێزی دەستی بە قسەکردن لەگەڵ پزیشکێکی ئەوێ کردووە و دۆخی خۆی بۆ پزیشکەکە باس کردووە، بەڵام پزیشکەکە ئەمەی پێ پەسند نەکراوە و هێرشی کردووەتە سەری.
پزیشکەکە دەڵێ، ئەو نەخۆشە بێڕێزی کردووە و قسەی نەشیاوی گوتووە. د. راهوڵ راو، بەڕێوەبەری پزیشکانی نەخۆشخانەکەش دەڵێت: رێکاری پێویست و جیدی بەرامبەر پزیشکەکە گیراوەتەبەر و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین.
دوای ئەمەش، خێزانی ئەو نەخۆشە سکاڵایان دژی ئەو پزیشکە تۆمار کردووە و ئێستا بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. تاوەکو ئێستاش نەخۆشخانە لێدوانی فەرمی نەداوە و بەتەمای ئەوەیە دوای لێکۆڵینەوەکان راگەیێنراوێک بڵاو بکەنەوە.