توێژینەوەیەک: لەجێچوون و شکانی ئێسک لە زستاندا سێ هێندە دەبێ
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕان هۆشداری دەدەنە خەڵک لە وەرزی زستان؛ ''کەوتن مەترسیدارە''، کلیڤلاندی پزیشکی رایدەگەیێنێت، ئەوانەی شەکرەیان هەیە ئێسکەکانیان زووتر دەشکێت و خانمان دوای وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانەیان ئێسکەکانیان لاواز دەبێت.
وەرزی زستان و شەختەبەندان بۆ پەنگوین زۆر خۆشە، بەڵام بۆ مرۆڤ مەترسیی جیدی هەیە! مەترسییەکەش کەوتن و شکانی ئێسکەکانیانە.
توێژینەوەیەکی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانیی ئەمریکا دەریدەخات، حاڵەتەکانی لەجێچوون و شکانی ئێسک لە زستاندا سێ ئەوەندە زیاترە بەراورد بە وەرزەکانی دیکە. هۆشداریش دەدرێتە گرووپێکی خەڵک.
رەیچڵ سۆورێک، یاریدەدەری پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی بایۆمێدیکاڵ لە ئەمریکا دەڵێت: ''بۆ کەسێکی بەتەمەن مەترسیی زیاتریان لەسەرە، بۆیە پێویستە هەمووان ئاگادار بین و ئەوانەی بەساڵاچوون و خۆشمان دەوێن پێویستە ئاگاداریان بکەینەوە، چونکە کەوتن دەشێت ئەگەری شکانی ئێسکەکانیان زیاد بکات و ئەوەش دۆخێکی سادە نییە، چونکە دەتوانێت وا لە کەسەکە بکات جووڵەی دەربەخۆی لەدەستبدات و توانای کارکردن و جووڵەی رۆژانەی لەدەستبدات''.
(ناڕێکیی هۆڕمۆنەکان، وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە، هەندێک دەرمان، شەکرە، نەخۆشییەکانی گورچیلە و هەوکردنی درێژخایەن) هۆکارە باوەکانی لاوازیی ئێسکن و هەر کەسێک هەیانبوو، دەبێت خۆی زۆر بپارێزێت.
دەکرێت بە خۆراک رێگری لە شکانی ئێسک بکرێت رەیچڵ سۆورێک، یاریدەدەری پڕۆفیسۆری ئەندازیاریی بایۆمێدیکاڵ لە ئەمریکا دەڵێت: ''ئەوەش دەزانین کە لەدێر زەمانەوە بیستوومانە، 'شیر بۆ ئێسک باشە''، بێگومان چونکە ڤیتامین D و کالسیۆمی تێدایە، بە گشتی دەبێت خۆراکەکان هاوسەنگ بن و بەدخۆراکی دەشێت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئێسکەکانمان هەبێت، دۆخی ئێسکیش رێک پەنجەمۆری دۆخی تەندروستییە، بۆیە خۆراکی باش و هاوسەنگ لە زستاندا بەتایبەت سەوزەکان دەبێت زۆر باش بن''.
لە بەریتانیا دەرکەوتووە، لە وەرزی زستاندا ژمارەی ئەوانەی بەهۆی شەختە و بەستنی زەوییەوە دەکەون زیاد دەبێت.
شکانی ئێسکی حەوز و قۆڵیش حەوت ئەوەندە بەرز دەبێتەوە. کە رەنگە بەهۆیەوە چەندین مانگ کەسەکە ئازار بچێژێت. بۆیە خۆپاراستن نەک لە زستان بەڵکو هەموو کاتێک ئەرکی هەمیشەییە.