توێژینەوەیەک: کەمخەوی هۆکارێکی گرژبوونی کۆڵۆنە
رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، کەمخەوی تەنیا ماندوویێتیی چاوەکان نییە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر تەواوی جەستە دەبێت و ریخۆڵەکانیش لەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کەمخەوی بێبەش نین.
توێژەرانی سکووڵی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد ئاشکرای دەکەن، کەمخەوی ئەگەر دوو بۆ سێ شەویش بێت خانەکانی ریخۆڵە تێکدەدات و ئەگەری دروستبوونی برین و گرژبوونی کۆڵۆنیش زیاد دەکات.
د. دراگانا رۆگۆلیا، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆکە دەڵێت: کەمخەوی زیان بە مێشک دەگەیێنێت و لەو روانگەیەشەوە فەرمانی ریخۆڵەکان تێکدەدات.
بەپێی ئامارە جیهانییەکان، 10٪ـی دانیشتووانی جیهان بەدەست کەمخەوی و خەوزڕانەوە دەناڵێنن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە گرژبوونی کۆڵۆن، شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و تەنانەت شێرپەنجەش زیاد دەکات.
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو:
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کوالێتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەمبکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیاربێت.