UNFPA: لە ئۆکراینا مەترسیی جیدی لەسەر خانمانی دووگیان و کۆرپەکانیان هەیە

رووداو - تەندروستی

سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان UNFPA رایدەگەیێنێت، دۆخی ئێستای کەرتی تەندروستی لە ئۆکراینا لاواز بووە و مەترسییەکی جیدی لەسەر خانمانی دووگیان و کۆرپەکانیانە.
 
ئۆکراینا پێنجەمین ساڵە لەگەڵ رووسیا لە جەنگدایە و یەکێک لەو کەرتانەی بووەتە قوربانی کەرتی تەندروستییە کە لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هێرش کراوەتە سەری.
 
بەگوێرەی UNFPA، رێژەی لەدایکبوونی پێشوەختەی منداڵان دوو هێندەی ئاستی جیهانی تێپەڕاندووە و بەشێکی زۆری خانمانی دووگیانیش تووشی لێکەوتەکانی دووگیانبوون بوونەتەوە بەتایبەت شەکرەی دووگیانی، بەرزەپەستانی دووگیانی و پچڕانی منداڵدان.
 
UNFPA بەردەوامە لە پشتگیریکردنی سیستمی تەندروستیی دایکان لە ئۆکراینا، بە دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان، بەهێزکردنی نەخۆشخانەکان لە دژی هێرشەکان و پشتگیریکردنی کارمەندانی تەندروستیی وڵاتەکە کە زۆر تووشی کێشە بوون، لەنێویاندا مامانەکان.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، لەنێوان ساڵانی 2023 و 2024دا 37٪ رێژەی گیانلەدەستدان لەنێو خانمانی دووگیان زیاد بووە کە هۆکاری سەرەکیی لێکەوتەکانی دووگیانییە بەهۆی جەنگ و نالەباریی دۆخی بژێوی.