ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا: مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک هەیە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا (UKHSA) رایگەیاند، ڤایرۆسی هەوکردنی پەردەی مێشک بە تووندی بڵاو بووەتەوە و لەماوەی یەک هەفتەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسەکە ئاشكرای دەکات، لە هەفتەی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 29 تووشبووی هەوکردنی پەردەی مێشک لەو وڵاتە تۆمار کراون کە زۆرینەیان لە ناوچەی کێنت بوون. دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە هەردووکیان گەنج بوون.
تریش مانس، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمیی ئاژانسەکە دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە، رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە لە لووتکەدایە و هەموو جۆرە خۆپارێزییەک گرنگە''.
رۆژی سێشەممە، 17-3-2026، تەنیا نۆ تووشبوو لە ناوچەی کێنت تۆمار کرابوون، بەڵام ئەم ژمارەیە لە 21-3-2026 بەرز بووەوە بۆ 20 تووشبوو.
ئێستا هەڵمەتێکی چڕی کوتان دژی ئەو ڤایرۆس و بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی هەوکردنی پەردەی مێشک لە ناوچەی کێنتی ئیگلاند بەردەوامە، تاوەکو ئێستا هەشت هەزار ڤاکسین و 12 هەزار دژەبەکتریا دابەش کراون.
گوتەبێژی ئاژانسەکە رایگەیاند، ئەو کەسانەی تووشی هەوکردنی پەردەی مێشکی بەکتریایی دەبن، بە دەرمانی دژەهەوکردن چارەسەر دەکرێن، بەڵام جۆرێکی ئاڵۆزتری هەیە کە تەنیا پەردەکانی مێشک نا، بەڵکو ناوەوەی مێشکیش دەگرێتەوە.
گوتەبێژی ئاژانسەکە داوا دەکات، دایک و باوکان بایەخ بە خواردن و شێوازی ژیانی تەندروستی منداڵەکانیان بدەن، چونکە پاکوخاوێنی رێگری سەرەکییە لە تووشبوون بە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک.