تەندروستیی جیهانی: ململانێکان لە سوودان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان
رووداو- تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، شەڕ و ململانێکان لە سودان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان لەنێو هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە.
رێکخراوەکە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی بۆ خراپیی بارودۆخی ژیان، قەرەباڵخی لە کەمپەکان، تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، ئاو و ئاوەڕۆ و وەستانی کوتانی رۆتینی گەڕاندووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئێستا رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا، تای خوێنبەربوون، مەلاریا و سورێژە بوونەتەوە.
دکتۆر شیبل سەهبانی، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهان لە سودان رایگەیاند، "ململانێکان لە سودان، سیستمی تەندروستیی وڵاتەکەی گەیاندووەتە لێواری داڕمان، خەڵکی رووبەڕووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە و بەدەست نەخۆشی، برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنن."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهان، بەهۆی نزیکەی سێ ساڵ لە تووندوتیژیی بەردەوام، سنووردارکردنی رێڕەوی گەیاندنی هاوکارییەکان و کەمبوونەوەی بودجە، سوودان بووەتە خاوەنی خراپترین قەیرانی مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهان، لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستیی فیدراڵی و ویلایەتەکانی سوودان و هاوبەشەکانی دیکە کاردەکات بۆ باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گرنگەکان.