توێژەرانی سوێد مەترسییەکی درەنگخەوتن ئاشکرا دەکەن
رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆیەکی بەنێوبانگی سوێد بە توێژینەوەیەک ئاشکرای دەکەن، تەنیا سێ شەو درەنگخەوتن مەترسییەکی گەورە لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن دروست دەکات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆپسالا لە سوێد کرا و دەرکەوت، کاریگەریی درەنگخەوتن هەر لە قۆناخە سەرەتاییەکانەوە لەسەر دڵ زوو دەردەکەوێت، ئەو کەسانەشی کە درەنگ دەخەون، مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاد دەبێت.
لویز ئێدواردۆ، سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو بەشداربووانەی کەمتر لە پێنج کاژێر خەویان هەبووە، چەند پڕۆتینێکی خوێنیان بەرز بووەتەوە کە راستەوخۆ دەبنەهۆی گیرانی لوولەکانی خوێن و سستبوونی دڵ.
ئەو دەشڵێت: کەمخەوی کاریگەریی زۆری لەسەر هەموو تەمەنێک هەیە، بەتایبەت لەنێو گەنجاندا، ئەمەش وایکردووە کە دەشێت یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی جەڵتەی دڵ لەنێو گەنجان ئەوە بێت.
دامەزراوەی خەو لە ئەمریکا، 4 رێگە پێشنیاز دەکات بۆ خەوێکی خۆش و رێگری لە ماندووێتییی دوای لەخەوهەستان؛
1- پێشخەوتن هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بەکارنەهێندرێت.
2- شەوانە خۆراکی قورس و چەور نەخورێن.
3- خوێندنەوەی کتێب یاخود خۆشۆردن بە ئاوی گەرم.
4- چالاکیی جەستەیی و جووڵەی رۆژانە، چونکە هەمیشە خەوی دوای ماندووبوون ئارامکەرەوەیە.