لە دهۆک بە فەرمی یەکەم نەخۆشخانەی شێرپەنجە کرایەوە

رووداو - تەندروستی

ئەمڕۆ نەخۆشخانەی ئومێدی تایبەت بە چارەسەرییەکانی شێرپەنجە لە دهۆک کرایەوە و نەخۆشی وەرگرت، 160 تەختی تێدایە و هەموو چارەسەری و مامەڵەیەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی تێدا دەکرێت.
 
د. چەکدار ئەحمەد، وەکو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەستبەکاربووە و بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 200 پزیشک و پەرستار و ستافی تاقیگە لە نەخۆشخانە نوێیەکە کاردەکەن و هەموو ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەی ئازادی تۆمارکرابوو، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئومێد کە ژمارەیان 13 تاوەکو 15 هەزارە.
 
ئەو نەخۆشخانەیە بەشی نەشتەرگەری، مانەوەی نەخۆش، چاودێریی چڕ و تاقیگە و فریاکەوتنیشی تێدایە.
 
د. چەکدار ئەحمەد دەڵێت: لە رابردوودا نەخۆشانی شێرپەنجە لە دهۆک بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەچوونە شارەکانی دیکە، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیە نەماوە و هەر لەنێو دهۆکدا هەموو کارێکیان بۆ دەکرێت.
 
بەپێی ئامارەکانی شێرپەنجە لە دهۆک، ساڵی رابردوو هەزار و 250 تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشان کراون کە 18٪ بۆ 19٪ـیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بوون کە بڵاوترینە.