دایکی خانمە راهێنەرێکی لەشجوانی نهێنیی تەندروستیی کچەکەی ئاشکرا دەکات
رووداو - تەندروستی
میراندا کۆون، خانمە راهێنەرێکی ئەمریکیی جیهانییە و لە سۆشیاڵ میدیاکان بە راهێنەرە شۆخ و شەنگەکەی نێو هۆڵە وەرزشییەکان ناسراوە، دایکی لەبارەی هۆکاری دەستپێکردنی کچەکەی بە وەرزشی لەشجوانی نهێنییەک ئاشکرا دەکات.
میراندا کۆون تەمەنی 30 ساڵە، 'سیندی بێرنارد'ـی دایکی دەڵێت: کچەکەم نەخۆشییەکی سکماکیی دڵی هەیە بە ناوی دڵکونی VSD بەمەش زوو زوو هەناسەی تەنگ دەبوو، هەر بۆیە لە منداڵییەوە هانم دا کە وەرزش بکات و خۆراکەکانی لەوپەڕی تەندروستیدا بن.
بەگوتەی دایکی، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هانی داوە شێوازی ژیانی تەندروستی هەبێت و خوو بداتە وەرزشی لەشجوانی و بەهێزکردنی ماسوولکە و دڵی. لە ساڵی 2017دا میراندا بڕوانامەی راهێنەری تاکەکەسی لە دامەزراوەی نێودەوڵەتیی زانستە وەرزشییەکان وەرگرت.
میراندا دەڵێت، ئێستا هەست بە باشی دەکات و کاریگەرییە لاوەکییەکانی نەخۆشییەکەی لەسەر کەم بوونەتەوە، بەهۆی ئەو رێژیمی خۆراکییە تەندروستەی هاوتای وەرزشەکانی رۆژانەی پەیڕەوی دەکات.
ئەو لە سۆشیاڵ میدیاکان هەوادارێکی زۆری هەن و رێنوێنیی وەرزشەکانی لەشجوانی بڵاو دەکاتەوە، لە سۆشیاڵ میدیاکانی نزیکەی 10 ملیۆن فۆڵۆوەرز و ملیۆنان بینەری هەیە.
شێواویی سکماکیی کون لە بەشی خوارەوە دڵ VSD چییە؟
بەپێی مایۆکلینیک، کونێکە دەکەوێتە نێوان هەردوو سکۆڵەی خوارەوەی دڵ، بەمەش ئۆکسجین بە تەواوی ناگات بە تەواوی جەستە و دەگەڕێتەوە بۆ سییەکان. زۆرجار نابێتەهۆی کێشە، بەڵام ئەگەر کونەکە گەورە بێت ئەوا دەکرێت بە نەشتەرگەری چارە بکرێت.
نیشانەکانی پشت بە قەبارەی کونەکە دەبەستن؛ ''خێرالێدانی دڵ، کەمخۆری، لاوازیی گەشە، هەناسەتەنگی و خورپەی دڵ'.
گرووپی مەترسیدار بۆ تووشبوون بە دڵکونی؛ 'منداڵی ناکام، منداڵانی داون و مێژووی دڵکونی و شێواوییە سکماکییەکانی دڵ لەنێو ماڵباتدا هەبێت'.
لێکەوتە مەترسیدارەکان؛ 'پەککەوتن و سستبوونی دڵ، تەسکبوونی لوولەکانی خوێن، بەرزەپەستانی خوێن، بەرزەپەستانی خوێنبەرەکانی سییەکان، ناڕێکیی فەرمانەکانی دڵ و هەوکردنی پەردەی دڵ'.
بۆ پێشگیریکردن پێویستە خانمانی دووگیان ئەمانە بکەن؛ 'بەکارهێنانی فۆڵیک ئەسید، پشکنینی رۆتینیی، دوورکەوتنەوە لە کحول، جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ، کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە و پەستانی خوێن و نەخواردنی دەرمان بەبێ راوێژی پزیشک'.