پزیشکانی راوێژکاریی نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند

رووداو - تەندروستی

لە هەڵەبجە پزیشکانی راوێژکاریی نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و تەندروستیی هەڵەبجەش هۆکارەکەی ئاشكرا دەکات.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 24-6-2025 د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، شەش پزیشکی پسپۆڕ لە راوێژکاریی نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کرد و تاوەکو پێدانی مووچەکانیان بەردەوام دەبن.
 
د. ئازاد مستەفا گوتی، تەنیا حاڵەتە ساردەکان نابیندرێن و کارکردن لە بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە بەردەوامە.
 
جگە لەمانەش نوێنەرێکی خۆبەخشانی تەندروستیی هەڵەبجەش هەر ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی خۆبەخشان بەردەوامن لە بایکۆت و هیچ دەوامێک ناکەن.
 
یادگار قانع، نوێنەری نوێنەری خۆبەخشانی تەندروستیی هەڵەبجە گوتی، نزیکەی 20٪ـی خۆبەخشان بایکۆتی دەوامیان کردووە بەهۆی ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج ناکرێت، جگە لەوەش گوتی، ''هەندێک لە خۆبەخشەکان مانگانە 100 بۆ 150 هەزار دینار وەردەگرن، ئەویش تەنیا بۆ خەرجیی خۆراک و هاتووچۆیان''.