رێکخراوی پزیشکانی ئێران: چوار پزیشک لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا كوژراون

رووداو - تەندروستی

دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی بڵاوکردەوە، رێکخراوی پزیشکانی ئێران کوژرانی چوار پزیشکی ئەندامی خۆی ئاشکرا کرد.
 
رێکخراوی پزیشکانی ئێران رایدەگەیێنێت، ژمارەی پزیشکانی کوژراو کە ئەندامی رێکخراوەکە بوون لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چوار پزیشکە؛ پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان، دوو پسپۆڕی منداڵان، خانمان و منداڵبوون لەگەڵ پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ.
 
وەزیری تەندروستیی ئێران، نوێترین ئاماری قوربانییانی شەڕی 13 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و دەڵێت، تائێستا 606 کەس کوژراون  و زیاتر لە 5300 کەسیش بریندار بوون.
 
وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای جەنگەوە تائێستا 5332 بریندار لە ناوەندەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی چارەسەریان بۆ کراوە، کۆی گشتیی کوژراوەکانیش گەیشتوونەتە 606 کەس.