پسپۆڕێک: بەکارهێنانی گڵۆپ، شەکراو، زێڕ و ماسی بۆ چارەسەری زەردوویی کوشندەیە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەری و شێواوییە سکماکییەکانی منداڵان ئاشکرای دەکات، ئەو زەردووییەی لە 24 کاژێری یەکەمی منداڵی تازەلەدایکبوودا روودەدات زۆربەی جارەکان هۆکارەکەی نەخۆشییەکی ترسناکی جگەر و رێرەوی زەرداوە، بەڵام زەردوویی دوای 24 کاژێر لە لەدایکبوونی منداڵ زۆرجار ئاساییە.
 
د. محەممەد مەمووندی، پسپۆڕی نەشتەرگەری و شێواوییە سکماکییەکانی منداڵان روونی دەکاتەوە، ئەو زەردووییەی لە 24 کاژێری یەکەمدا روودەدات ئەگەر لەماوەیەکی کورتدا چارەسەر نەکرێت دەشێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی جگەر، بۆیە دەبێت لەو کاتەدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.
 
د. محەممەد دەڵێت: ئەگەر زەردوویی منداڵ دوای 24 کاژێر لە لەدایکبوونی روویدا ئەوا زۆربەی جارەکان هۆکارەکەی نەخۆشی نییە، بەڵام ئەگەر رێژەکەی زۆر بوو و زۆریشی خایاند، ئەوا پێویستە پزیشکی پسپۆڕ بیبینێت و زوو چارەسەر بکرێت، دەنا رەنگە ببێتە هۆی ئیفلیجبوونی مێشکی.
 
هەڵەتێگەیشنی باو لەبارەی چارەسەری زەردوویی
 
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت، ''بەکارهێنانی گڵۆپ، شەکراو، زێڕ، ماسی و کۆمەڵێک شتی دیکە هەڵەتێگەیشتنن و زۆر کوشندەن بۆیە نابێت وەکو چارەسەری زەردووی بەکاربهێندرێن. تەنانەت هەندێکجار زەردوویی بەهۆی شیری دایکەوە روودەدات و لەو کاتەدا نابێت دایک شیری خۆی بووەستێنێت و دەبێت بەردەوام بێت لە شیردان''.