لە ئوسترالیا ژیریی دەستکرد بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست تاقیدەکرێتەوە

رووداو - تەندروستی

لە ئوسترالیا ژیریی دەستکرد بۆ زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست تاقیدەکرێتەوە و ئامێرێکی لەیزەر بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست تێکەڵ بە ژیریی دەستکرد کراوە.
 
داهێنانەکە وا لە پزیشکان دەکات، زووتر شێرپەنجەی پێستی نەخۆشەکانیان دەستنیشان بکەن و بۆ یەکەمجارە ژیریی دەستکرد لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست بەکاردەهێندرێت.
 
ئامێرێکی لەیزەر بۆ برینەکانی پێست بەکاردەهێندرێت و ژیریی دەستکردیش ناڕێكییەکان لەڕێگەی شاشەیەکەوە پێشان دەدات، ژیرییە دەستکردەکە بە خێرایی و بە راستەوخۆ، بڕیار دەدات کە برینەکە شێرپەنجەییە یاخود نا و پزیشکەکەش هەموو خانەکان بە وردی دەبینێت.
 
د. ڤین راجیسوارا، بەڕێوەبەری کلینیکی نەخۆشییەکانی پێست دەڵێت: ''ئەوەی ئێستا هەمانە ئەوەیە، سەیری خانەکانی پێست دەکەین، ئەمەش گۆڕانکاریی گەورەی پزیشکی لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێست دەکات''.
 
پڕۆفیسۆر د. پاسکاڵ گیتاریا، پسپۆڕی سەنتەری میلانۆما لە ئوسترالیا دەڵێت: ''پێموایە حکومەتێکی زۆر هەن کە بەدوای ئەم شتەدا دەگەڕێن، رەنگە ئەوکاتەی ئێمە دەیخەینە واری جێبەجێکردن، کۆپیان بکەن و بەکاریان بهێنن''. 
 
بەگوێرەی پەیمانگەی شێرپەنجەکانی پێست لە ئوسترالیا، ئەم داهێنانە پێنج ساڵ دەخایەنێت تاوەکو بە فەرمی بۆ نەخۆشەکان بەکاربێت و ئیدی زووتر درک بەوە بکەن کە تووشی شێرپەنجەی پێست بوون و چارەسەریان ئاسان بێت.