پسپۆڕێکی پێست باشترین دژەخۆری گونجاو ئاشکرا دەکات؛ 10ـی بەیانی تاوەکو 4ـی ئێوارە بەکاربێت

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، پێویستە هەموو کەسێک دژەخۆرەکان بەکاربهێنن، بەتایبەت لە کاژێر 10ـی بەیانی بۆ 4ـی دوای نیوەڕۆ، چونکە لەو کاتەدا تیشکی خۆر زۆرترین زیان بە پێست دەگەیێنێت و رەنگە ببێتە هۆی زوو چرچبوون و شێرپەنجەی پێست.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-8-2025 د. سیروان قەرەداخی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئەو دژەخۆرەی لە مەیکئەپەکاندا هەیە باشترە SPFـەکەی سەروو 30 بێت، چونکە ئەوە وادەکات زیاتر پێستەکە بپارێزرێت.
 
د. سیروان قەرەداخی باسی شاشەکانی ئامێرە ئەلیترۆنییەکان دەکات و دەڵێت: ئەو تیشکەی لێوەیانەوە دەردەچێت تیشکی شینن و دەچێتە نێو چینی قووڵی پێست، بەمەش ئەگەری چرچولۆچیی پێست و نیشانەکانی پیربوون خێراتر دەکات.
 
هەروەها باسی دوو جۆری دژەخۆر دەکات، یەکەم دژەخۆی فیزیایی کە رێگری دەکات لە بەرکەوتنی تیشک بۆ نێو پێست و تیشکە زیانبەخشەکان دەداتەوە، بەڵام کیمیاییەکە تیشکی خۆر هەڵدەمژێت و دەگۆڕێت بۆگەرمی، بەڵام فیزیاییەکە باشترە، چونکە راستەوخۆ کار دەکات و وەکو کیمیاییەکە نییە کە دوای 30 خولەک ئینجا کار بکات.
 
تەنانەت ئەوەش باس دەکات، دروستبوونی هەستیاری بە دژەخۆری فیزیایی زۆر کەمترە بەراورد بە کیمیاییەکە و فیزیاییەکە زیاتریش دەمێنێتەوە.