تەندروستیی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ 42 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول، 296 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و رێکاری تایبەتیان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر.
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ لە کۆی 296 تووشبووی نەخۆشییەکە 42 کەسیان گیانیان لەدەستداوە."
ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
- زیقار: 114 تووشبوون تۆمارکراون و 11 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- بەغدا/ رەسافە: 34 تووشبوون تۆمارکراون و 6 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- موسەننا: 27 تووشبوون تۆمارکراون و 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- واست: 23 تووشبوون تۆمارکراون و 3 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- بەسرە: 19 تووشبوون تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە
- دیالە: 16 تووشبوون تۆمارکراون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- میسان: 13 تووشبوون تۆمارکراون و یەک کەسیان گیانی لەدەستداوە
- نەینەوا: 11 تووشبوون تۆمارکراون
- دیوانییە: 9 تووشبوون تۆمارکراون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- بەغدا/ کەرخ: 6 تووشبوون تۆمارکراون
- دهۆک: 6 تووشبوون تۆمارکراون و سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- کەرکووک: 5 تووشبوون تۆمارکراون و چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە
- نەجەف: 3 تووشبوون تۆمارکراون و دووانیان گیانیان لەدەستداوە
- بابل: دوو تووشبوون تۆمارکراون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە
- سلێمانی: دوو تووشبوون
- هەولێر: دوو تووشبوون
- سەلاحەدین: دوو تووشبوون
- کەربەلا: یەک تووشبوون
- ئەنبار: یەک تووشبوون
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق گوتی: "زۆربەی تووشبووەکان بەخێوکەر، کڕیار و فرۆشیاری مەڕوماڵات یان قەسابن، بەڵام هەموو کەسێک ئەگەری تووشبوونی هەیە، ئەگەر رێکاری خۆپارێزی نەگرێتەبەر."
بە گوتەی د. سەیف، هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە و رێکاری تایبەتیان گرتووەتەبەر بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون. دەشڵێت، "نەخۆشییەکە نوێ نییە و لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە."
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە و مرۆڤیش لە ئاژەڵەوە تووش دەبێت.