نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی دووانەیەکی پێکەوەلکاو لە کەرکووک کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی دووانەیەکی پێکەوەلکاو لەو پارێزگایە کرا.
 
رۆژی دووشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2025 سامان یابە عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "10 رۆژ پێش ئێستا 2 منداڵی دووانەی پێکەوەلکاو لەدایکبوون و بڕیاردرا کە دوای ماوەیەک نەشتەرگەرییان بۆ بکرێ و لە یەکدی جیابکرێنەوە، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەیان ژیانی لە مەترسیدا بوو؛ بۆیە بەپەلە نەشتەرگەریی لێکجیاکردنەوەیان بۆ کرا."
 
بە گوتەی سامان یابە عەلی، یەکەمجارە لە کەرکووک دۆخی لەو شێوەیە رووبدات و ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە بکرێ؛ گوتیشی، "نەشتەرگەرییەکە دوو کاژێری خایاند و سەرکەوتوو بوو. منداڵەکەی دیکە تەندروستیی باشە."
 
نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵانی کەرکووکەوە کراوە. گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی، "دوو منداڵەکە لە سکیانەوە پێکەوە لکابوون و توانرا سک و بڕبڕەی پشت و ماسوولکە هاوبەشەکانیان جیابکرێنەوە."