پسپۆڕێک: زۆربەکارهێنانی پلاستیک کارەساتە

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی ژینگە ئاشکرای دەکات، پلاستیک راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دروستدەکات، چونکە وردەپلاستیکەکانی نێو بتڵ و کەلوپەلەکان دەکرێت تێکەڵ بە خۆراک ببن و راستەوخۆ بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025 د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، باشترین رێگەی کەمکردنەوەی پلاستیک، بەکارهێنانی جێگرەوەکانە وەکو بەکارهێنانی شووشە و ستیل.
 
د. ژینۆ خالید لەبارەی مادەیەکی مەترسیدار بە ناوی PFAS قسەدەکات و دەڵێت: بەشێكی زۆری پلاستیکەکان ئەو مادە مەترسیدارانەیان تێدایە و ئەگەر رێژەکەی زۆر بێت ئەوا پلاستیكێکی مەترسیدار و ژەهراوی لێبەرهەمدێت.
 
بەگوێرەی بەدوادچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە لە پارێزگای هەولێر رۆژانە 2 هەزار و 100 تۆن خاشاک لە سنووری پارێزگەکە کۆدەکرێتەوە، کە 27٪ی پلاستیکە، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 204 هەزار تۆن پلاستیک لەو پارێزگایە فڕێدەدەرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر لە 6 هەزار و 500 تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە کە  هەزار و 500 تۆنی پاشماوە پلاستیکە.