لە زاخۆ ڤایرۆسێکی کۆئەندامی هەناسە لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە

رووداو - تەندروستی

لە زاخۆ جۆرە ڤایرۆسێکی کۆئەندامی هەناسە بە سەختی لەنێو منداڵان باڵوبووەتەوە، پسپۆڕێکی منداڵانیش دەڵێت: منداڵانی خوار شەش مانگ زۆرترین تووشبووانی ڤایرۆسەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتی 2024 د. ئەدیب فالح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە زاخۆ بە رووداوی گوت، ئەو ڤایرۆسەی بڵاوبووەتەوە لەجۆری RSVـیە و زیاتر لە مانگی 10 تاوەکو 3 بڵاودەبێتەوە. 
 
ئەو پسپۆڕە هۆشداریدەدات، بەشێکی تووشبووان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە، چونکە بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانیان دووچاری هەناسەتەنگی بوون.
 
د. ئەدیب فالح رێنوێنیی دایکان دەکات، پێش شیردان بە منداڵی خوار یەک ساڵان و بەرکەوتن لەگەڵی، دایک پێویستە دەستی بشوات و ئەگەریش تووشبووی هەر نەخۆشییەک بێت، دەمامک ببەستێت.
 
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی ئەمریکی، 'دەستشۆردن، بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە گشتییەکان، تێکەڵاونەبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو، بەکارهێنانی کلێنکس لەکاتی کۆکە و پژمە و وەرگرتنی ڤاکسین' رێگەی کاریگەرن بۆ پێشگیریکردن لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی پەتاکان.
 
ناوەندەکە ئاماژە بەوەشدەکات، زۆرینەی هۆکاری پەتاکان ڤایرۆسین و پێویستیان بە چارەسەر بە دەرمانە دژەبەکتریاکان نییە، تووشبووان دەتوانن لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن.
 
ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
 
بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
 
* سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
 
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
 
*منداڵی تەمەن زۆر بچووک
* منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
 
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.
 
بە بایەخدان بە پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵخ، هەروەها ماچنەکردن و دەستلێنەدانی منداڵی بچووک لەلایەن کەسانی نەخۆشەوە، دەکرێت پێشگیری لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و لێکەوتە خراپەکانی بکرێت.