بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا منداڵێک لەنێو منداڵدانێکی بەخشراودا لەدایکدەبێت
رووداو - تەندروستی
منداڵێکی کوڕ بە ناوی هیوگۆ منداڵێکی ئاسایی نییە، چونکە لەدایکبوونەکەی وەکو منداڵانی دیکە نەبووە، ئەو لە منداڵدانی بەخشیوی خانمێکی مردوودا لەدایکبووە و ئێستا سێ مانگە.
گرەیس بێڵ، دایکی هیوگۆ دەڵێت: سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە زۆر سوپاسگوزاری بەخشەرەکەم بۆ پێدانی ئەم دیارییە بێوێنەیە بە من. ئەمە تەنیا بەخشینێکی رزگارکەری ژیان نییە، بەڵکو بەخشینێکی ژیانە، ئەمە زۆر لەوە زیاترە کە خەونم پێوەی دەدیت.
هیوگۆ یەکەم منداڵە لە بەریتانیا بەم رێگەیە لەدایکبووە. دایکی منداڵدانی ژنێکی مردووی بۆ چێندراوە و ئینجا بە هیوگۆ دووگیان بووە.
ئیزابێڵ کویرۆگها، هاوسەرۆکی تیمی چاندنی منداڵدان لە بەریتانیا دەڵێت، ''ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە، هیوای زیاتر دەبەخشێتە ئەو ژنانەی کە منداڵدانیان نییە و دەیانەوێت خێزان پێکبهێنن. ئەمە تاکە چارەسەرە کە توانای هەڵگرتن و لەدایکبوونی منداڵی خۆیانیان پێدەبەخشێت''.
تائێستا 20 بۆ 30 منداڵ لە جیهاندا لەنێو منداڵدانی بەخشەردا لەدایکبوون. ئەمەش ئومێدێکە بۆ ئەو دایکانەی کە بە هۆکاری بۆماوەیی یان پزیشکی منداڵدانیان نییە یاخود بە کەڵک نایەت تاوەکو ببنە خاوەنی منداڵ.