لە ئەمریکا کلینیکی تایبەت بە پشکنینی ئاست و توانای زمانەوانیی منداڵ دەکرێتەوە
رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی منداڵانی ئۆهایۆ لە ئەمریکا ئاست و توانای زمانەوانیی منداڵ دەپشکێندرێن، بۆ ئەوەی پێش چوونە باخچە و قوتابخانە لە کێشەکانی زمانگرتنیان دڵنیا ببنەوە.
منداڵان پشکنینی چۆنیەتیی خوێندنەوەی پیتەکان، نووسین و لێهاتوویی زمانەوانی دەکرێن. زۆرجار بەخێوکاری منداڵ هەست ناکات کە منداڵەکەی کێشەی زمانی هەیە و وادەزانێت ئاساییە، کە دەینێرێتە باخچە و قوتابخانە کار لە کار ترازاوە و چارەسەری ئەستەمە.
د. سارا بۆد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی ئۆهایۆ دەڵێت: لەڕاستیدا چەند پرسیارێک لەسەر کتێب لە منداڵەکە دەپرسرێت بۆ ئەوەی لە ئاستی خوێندەوارییەکەی تێبگەین، ئایا پیتەکان و ژمارەکان دەناسێت؟ دواتر کاتێک ئەنجامەکانمان بەدەستدەگات، لەگەڵ دایک و باوکی منداڵەکە قسە دەکەین و بارودۆخەکەی پێدەڵێین.
کوینتینا دەیڤس، نەنکی منداڵێکی پشکنراوی ئاست و توانای زمانەوانی گوتی، ''ئامانجەکە ئەوەیە دڵنیابینەوە کە تاوەکو کاتی چوونە باخچەی ساوایانی، بەتەواوی ئامادە دەبێت و کێشەی زمانەوانی نەبێت، بۆیە ئێستا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەڕوات''.
ئێستا 13 کلینیکی لەم شێوەیە لە ئەمریکا هەن و پسپۆڕان بە داهێنانی گرنگی چارەسەری گەشەی منداڵ دایدەنێن.