پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار: هەوکردنی پەردەی مێشک دەگوازرێتەوە
رووداوی تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار رایدەگەیێنێت، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گوازراوەیە و زیاتر لە رێگەی ڤایرۆسەوە روودەدات، داواش دەکات هاونیشتمانیان ئاگاداری کەلوپەلە تایبەتییەکانیان بن و لەگەڵ کەسانی دیکەدا بەکاری نەهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-3-2026 د. شوان شیروان پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "پەردەی مێشک ئەگەری هەیە تووشی هەوکردن ببێت، کە هۆکارەکەی لەوانەیە بەکتریا یان ڤایرۆس بێت، بەڵام زیاتر بەهۆی ڤایرۆسەوە روودەدات." گوتیشی، ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، بەساڵاچووان و منداڵان، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
سەبارەت بە گواستنەوەی نەخۆشییەکە د. شوان شیروان ئاماژەی بەوەکرد، "نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە ئاگاداری کەلوپەلە تایبەتییەکانتان بن." روونیشیکردەوە، بەکارهێنانی کەلوپەلی تایبەتیی یەکتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات.
ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار دەڵێت، هەرچەندە لە شوێنە قەرەباڵخەکان وەک کەمپەکان ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەیە، بەڵام "زۆر کەمە و وەکو پەتا نییە."
د. شوان شیروان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "نەخۆشییەکە لەنێو منداڵ و گەنجدا زۆرە و داوا دەکەم کەلوپەلی کەسی نەدەن بەیەکتر، پێویستە کەسی تووشبوو دەمامک ببەستێت و لە ماڵەوە بمێنێتەوە." جەختیشیکردەوە، "لەکاتی تووشبوون بە جۆری ڤایرۆسیی هەوکردنی پەردەی مێشک، نابێت دەرمانی دژەبەکتریا بەکاربهێندرێت."