WHO: کوتان ژیانی 60٪ـی منداڵانی لە مردن رزگار کردووە

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ڤاکسین لە 50 ساڵی رابردوودا ژیانی زیاتر لە 150 ملیۆن کەسی لە مردن رزگار کردووە، بەجۆرێک هەر ساڵێک سێ ملیۆن کەس دەگرێتەوە.
 
هەفتەی جیهانی بۆ هۆشیاریی کوتان لە 24 تاوەکو 30ـی نیسان بەردەوام دەبێت، ئامانجی سەرەکی لەم هەفتەیە؛ هۆشیارکردنەوەی دایک و باوکانە لە کوتانی منداڵەکانیان بە ڤاکسین، هەروەها باشترکردنی رێگەکانی ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە ڤاکسینە لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان.
 
دروشمی ئەمساڵ لە هەفتەی جیهانی بۆ هۆشیاریی کوتاندا ''کوتان بۆ هەمووان لەڕووی مرۆڤایەتییەوە رێی تێدەچێت''ـە، بەجۆرێک هەموو تاکێک لە هەر وڵاتێک بێت، پێویستە کوتانی بۆ بکرێت و بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابینبکرێت.
 
''60٪ـی منداڵان بەهۆی ڤاکسینی دژەسوورێژەوە لە مردن رزگاریان بووە''
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کوتان 40٪ رێژەی مردنی کۆرپەی کەم کردووەتەوە و ئێستا منداڵان کواڵیتیی ژیانیان لە رۆژە سەرەتاییەکانی تەمەنیان زۆر بەرزترە بەراورد بە سەردەمی پێش ڤاکسین. ئاماژە بە ڤاکسینی سوورێژەش دەکات کە 60٪ـی منداڵان بەهۆی ڤاکسینی دژەسوورێژەوە لە مردن رزگاریان بووە.
 
یونیسێف ئاشکرای دەکات، پێش دۆزینەوەی ڤاکسین ساڵانە 2.6 ملیۆن منداڵ بەهۆی سوورێژەوە گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی ساڵانە 107 هەزار منداڵ. ئەوەش ئاشکرا دەکات، لە 50 ساڵی رابردوودا تەنیا بە ڤاکسینی سوورێژە، ژیانی 94 ملیۆن منداڵ پارێزراوە. لە ساڵی 2000دا زیاتر لە 800 هەزار منداڵ بەهۆی سوورێژەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی چڕکردنەوەی کوتان بە ڤاکسینی سوورێژە ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2022دا کەمبووەتەوە بۆ نزیکەی 100 هەزار گیانلەدەستدان.
 
بنبڕکردنی ئیفلیجیی منداڵان بە ڤاکسین
 
پاشانیش رێکخراوەکە ئاماژە بە ڤاکسینی ئیفلیجیی منداڵان دەکات کە لە ساڵی 1988ـەوە سێ ملیار منداڵ کوتانی دژە ئیفلجی منداڵیان بۆ کراوە و تاوەکو ئێستا 20 ملیۆن کەسی لە ئیفلیجبوون پاراستووە. بە رێژەیەکەی زۆریش لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو ئیفلیجبوونی منداڵ بە ڤایرۆس نەبووە.
 
کوتان، منداڵانی کوردستان لەم نەخۆشییانە دەپارێزێت؛ 
 
- سوورێژە
- ئیفلیجیی مێشک
- دڕکە و مێکوتە
- گزاز
- هەوکردنی تووندی پەردەی مێشک
- ئەنفلەوەنزا
- ڤایرۆسی پاپیلۆما [شێرپەنجە]
- هەوکردنەکانی جگەر
- کۆکە رەشە
- ملەخڕێ
- ئاوڵە
- هەوکردنی تووندی سییەکان [نیومۆکۆکاڵ]
- ڤایرۆسی شینگڵ
- سیل
- کۆلێرا