یونیسێف بەردەوامە لە هەڵمەتی کوتان لە سووریا
رووداو - تەندروستی
سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان (یونیسێف) رایدەگەیێنێت، هەڵمەتی کوتان بۆ سێ ملیۆن و 400 هەزار منداڵی خوار پێنج ساڵانیان دەستپێکردووە، لەو ژمارەیەش 156 هەزاریان دوای لەدایکبوون هیچ ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە.
یاسوماسا کیمۆرا، نوێنەری یونیسێف لە سووریا ئاماژ بەوەدەکات، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و گاڤی هەڵەمەتەکە لە تەواوی سووریا بەردەوامە و ئەوەش رۆڵی سەرەکی هەیە لە پاراستنی منداڵە سووریایییەکان لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.
لە هەڵمەتەکە حەوت هەزار و 600 کارمەندی تەندروستی بەشدارن، نزیکەی هەزار و 200 بنکەی کوتانیش لەو وڵاتە کراونەتەوە.
کریستینا بێتکێ، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە وەکالەت لە سووریا دەڵێت: ڤاکسینەکان یەکەم هێڵی بەرگریی منداڵن لە دژی نەخۆشی و مردن.
ئێستا یونیسێف کێشەی کەمبوونەوەی هاوکاریی لەلایەن وڵاتانەوە هەیە، بەجۆرێک ساڵی 2016 وڵاتان و رێکخراوەکان 6.4 ملیار دۆلاریان بە رێکخراوەکەیان دا و ساڵی 2022 بووە 9.3 ملیار دۆلار، بەڵام ساڵی 2023 پارەکە بۆ 8.9 ملیار دۆلار کەمبووەوە. بە گوتەی ئاژانسەکە، پار پێویستیان بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار بووە و بەردەوام داوای هاوکاری زیاتریان کردووە.
ئەو وڵات و رێکخراوانەی زۆرترین هاوکارییان پێشکێشی یونسێف کرد لە ساڵی 2023دا:
ئەمریکا: 1,430 ملیۆن دۆلار
ئەڵمانیا: 760 ملیۆن دۆلار
گرووپی بانکی جیهانی: 590 ملیۆن دۆلار
لیژنەی ئەمریکی بۆ یونسێف: 372 ملیۆن دۆلار
لیژنەی ژاپۆنی بۆ یونسێف: 172 ملیۆن دۆلار
لیژنەی ئەڵمانی بۆ یونسێف: 164 ملیۆن دۆلار