لە هەولێر دەزگای روانگە 20 هەزار دارزەیتوونی ئیسپانی چاند
رووداو - تەندروستی
دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی 20 هەزار دارزەیتوونی لە دەوروبەری شاری هەولێر چاند و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگاکەش دەڵێت: ئەو دارزەیتوونانە رێژەیەکی زۆر گازە ژەهراوییەکانی بەرگەهەوای هەولێر هەڵدەمژن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-5-2025 حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە رایگەیاند، " 20هەزار دارزەیتوون لە توانایدا هەیە 200 تۆن دووانۆکسدی کاربۆن هەڵبمژێت بەمەش ژینگەیەکی پاکتر دەبەخشێت بە هەولێر".
حەسەن شێخ عەلائەدین ئاماژەی بەوەکرد "بۆیە دارزەیتوونی ئیسپانییان هەڵبژاردووە، چونکە ئاوی کەمی پێویستە، دۆستی ژینگەیە و دەتوانێت لە ماوەی دووساڵدا بەرهەمی زەیتوون بدات بەدەستەوە''.
ئەو گوتی، 20 هەزار دارزەیتوون لەتوانایدا هەیە ئۆکسجین بۆ نۆ هەزار کەس دابین بکات کە دەکاتە چوار ملیۆن لیتر ئۆکسجین.
بەپێی کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا و NHSـی بەریتانی زەیتوون یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی 'چەوریی خراپی خوێن، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و شەکر و پەستانی خوێن' هەروەها یاریدەدەرە لە 'پتەوکردنی ئێسکەکان، درەوشانەوە پێست و شەڕی شێرپەنجە'.